هەرێمی کوردستان بە سەنتەری داتا و زانیاریی شێرپەنجەی عێراقەوە دەبەسترێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

عێراق سەنتەرێکی ناوەندیی داتا و زانیاری سەبارەت بە شێرپەنجە دادەمەزرێنێت و هەرێمی کوردستانیش بەو سەنتەرەوە دەبەسترێتەوە.
 
دکتۆر سورا یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، رۆژی چوارشەممە 30-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق سەنتەرێکی ناوەندیی داتا و زانیارییەکانی سەبارەت بە شێرپەنجە دامەزراندووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، کارمەندەکان لە هەموو پارێزگاکان راهێنانیان پێکراوە و شوێن، کەرەستە و ئامێری پێویستیش بۆ هەر پارێزگایەک تەرخانکراوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
دکتۆر سورا یاسین دەڵێت، سەرجەم داتا و زانیارییەکان لە هەموو پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە ناوەندەوە دەبەسترێنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە تەنیا کاراکردنی ماوە و بڕیارە بەمنزیکانە کارا بکرێت.
 
لە ساڵی 2022دا 39068 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق تۆمارکراون کە 7720یان لە باشووری کوردستان بوون.
 
تووشبووانی شێرپەنجەم بەگوێرەی پارێزگاکان:
 
نەجەف: 2018 تووشبوو
سلێمانی: 2909 تووشبوو
هەولێر: 2456 تووشبوو
کەربەلا: 1510 تووشبوو
بەغدا: 9323 تووشبوو
بەسرە: 3199 تووشبوو
دیوانییە: 1290 تووشبوو
دیالە: 1622 تووشبوو
واست: 1342 تووشبوو
دهۆک: 1222 تووشبوو
بابل: 1851 تووشبوو
میسان: 988 تووشبوو
موسەننا: 716  تووشبوو
سەلاحەدین: 1261 تووشبوو
ئەنبار: 1349 تووشبوو
زیقار: 1562 تووشبوو
کەرکووک: 1133 تووشبوو
نەینەوا: 2629 تووشبوو
نەزانراو: 679 تووشبوو
 
سورا یاسین باسی جۆرە باوەکانی شێرپەنجەی لەنێو پیاوان کرد و گوتی، یەکەم سییەکان، دووەم قۆڵۆن و سێیەم پرۆستاتە.
 
سەبارەت بە ژنانیش، دکتۆر سورا یاسین گوتی، یەکەم شێرپەنجەی مەمک، دووەم قوڕگ و سێیەم قۆڵۆنە.
 
لەبارەی گیانلەدەستدان، بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لە ساڵی 2022دا بەهۆی شێرپەنجەوە 11421 کەس گیانیان لە عێراق لەدەستداوە."
 
گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە بەپێی پارێزگاکان:
 
بەغدا: 3114 
بەسرە: 1029
نەینەوا: 989
زیقار: 740
دیالە: 703
نەجەف: 696
بابل: 652
کەربەلا: 536
واست: 523
موسەننا: 412
سەلاحەدین: 396
دیوانییە: 376
سلێمانی: 342
موسەننا: 308
دهۆک: 232 
کەرکووک: 195
ئەنبار: 157
هەولێر: 5
 
774 گیانلەدەستدان لە باشووری کوردستان تۆمار کراون؛ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک دەگرێتەوە.
 
بەڵام ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئامارەی هەرێمی کوردستان کە لای ئەنجوومەنەکەیانە "زۆر ورد نییە."