پسپۆڕێکی نەشتەرگەری دەم و ددان: شکانی ددانەکان لەم دۆخەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیادیکردووە
رووداو- دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی نەشتەرگەری دەم و ددان لە ساندیاگۆی ئەمریکا رایدەگەیێنێت لەم دۆخەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، گرفتەکانی دەم و ددان زیادیانکردووە بەتایبەت شکانی ددانەکان.
د. پاوڵ کۆشگێریەن، پسپۆڕی نەشتەرگەری دەم و ددان لە ئەمریکا دەڵێت، پێشووتر لە نۆڕینگەکەم رۆژانە یەک بۆ دوو حاڵەتی شکانی ددانم دەبینی و چارەسەردەکرد بەڵام ئێستا لەم ماوەیەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیاتر لە پێنج حاڵەت دەبینم.
پسپۆڕەکەی نەشتگەری دەم و ددان دەڵشێت، من ناڵێم کۆرۆنا دەبێتەهۆی شکانی ددانەکان، بەڵام لەم دۆخەدا گوشاری دەروونی خەڵکی زیاترە و خەڵکی نائارامترن بۆیە بەردەوام بەبێ ئەوەی ئاگاداربن ددانەکانی دەگوشن و لێکی دەخشێنن و ئەمەش حاڵەتێکە پێی دەڵێن (Bruxism) بۆ ئەوانەی ددانەی پڕکردووەتەوە گرفت دروستدەکات یان دەبێتەهۆی زیانەگەشتن بە رووکەشی ددانەکان و تەنانەت شکانیان.
د. پاوڵ دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە ئازاری ددانیان بۆ دروستدەبێت یاخود بەهۆی هەوکردنەوە هەڵئاوسانیان دەبێت، زۆربەی جاریش لە شەودا لەکاتی خەوتن ئەو حاڵەتە روودەدات واتە کەسەکە بێ ئاگایانە ددانەکانی دەگوشێت و لێکدەخشێنێت.
پزیشکە پسپۆڕەکەی نەشتەرگەری دەم و ددان رێنمایدەداتە خەڵکی خۆیان لە گوشاری دەروونی دووربگرن بەسوود وەرگرتن لە ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی، یۆگا و تەکنینەکانی خاوبوونەوە، بەدرێژایی رۆژیش هەوڵبدرێت بەهیچ شێوەیەک ئەو خووە ئەنجامنەدرێت، چونکە تەنیا لە کاتی قسەکردن، جووین و قوتدان ددانەکان ئاساییە بەریەکبکەون.