نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار: نەخۆشخانەکەمان پڕ بووە لە تووشبووانی سکچوون و رشانەوە


رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەی قەڵا لە شاری کەلار 70 نەخۆشی تووشبووی سکچوون و رشانەوەی تێدا خەوێندراوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، جێگەیان نەماوە و ئەوەی تووش بێت رەوانەی نەخۆشخانەی دیکەی دەکەن.

دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار رۆژی چوارشەممە، 30-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی تووندی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە سنوورەکەمان هەیە و رۆژانە دەیان نەخۆش سەردانمان دەکات".
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا کە نەخۆشخانەکەی تایبەتە بە چاودێریی ورد و نەخۆشییە گوێزراوەکان، ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو 70 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەیان خەوێندراون و لەژێر چاودێریی پزیشکیداین. گوتیشی، "
نەخۆشخانەکە پڕ بووە و جێگەی خەواندن نەماوە؛ ئێستا هەر کەس پێویستی بە چاودێری و مانەوە لە نەخۆشخانە بێت، رەوانەی فریاکەوتنی شەهید هەژاری دەکەین و لەوێش ژمارەیەک نەخۆش لەژێر چاودێریدان".
 
دکتۆر حارس محەممەد گوتیشی، رۆژانە هاونیشتمانیی زۆر سەردانیان دەکەن و دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی و پشکنین، بەشێکیان دەنێردرێنەوە ماڵەوە و ئەوانەی پزیشک مانەوەیان بە پێویست بزانێت، دەخەوێندرێن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک بەهۆی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستنەداوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا گوتی، دۆخی تەندروستی تووشبووان باشە.
 
رۆژی 28ـی ئاب، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نەخۆشیی سکچوون لە ناوچەکەدا زیادیکردووە و لە 27 بۆ 28ـی ئاب، 35 تووشبووی سکچوون تۆمار کراون؛ گوتیشی، "زۆرینەی تووشبووان منداڵن، بەڵام گەورەشیان تێدایە".
 
رۆژی 27ـی ئاب بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی لە "هۆشدارییەکدا" رایگەیاند، "هاووڵاتییانی سنووری سلێمانی ئاگادار دەکەینەوە کە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێ دەکرێت؛ سەرجەم تیمەکانمان پشکنین و بەدواداچوون بۆ تووشبووەکان دەکەن."
 
 تەندروستیی سلێمانی وەکو رێکارێک بۆ رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە رایگەیاندبوو، "بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی هەموو جۆرە سەوزە و ماستاوێک لە چێشتخانە و خواردنگەکان و شوێنە گشتییەکان، تەنیا رێگە دەدرێت بە بەکارهێنانی ماستاوی لەقتوو نراون".