تەندروستیی غەززە: نەخۆشییەکانی پێست بڵاوبوونەتەوە

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی غەززە رایدەگەیێنێت، نەخۆشییەکانی پێست بە تووندی لەنێو منداڵاندا بڵاوبوونەتەوە و بڕی دەرمان و خزمەتگوزاریی پێویست نین بۆ چارەسەرکردنیان.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، لە غەززە زیاتر لە 130 هەزار تووشبووی گەنە و 65 هەزار تووشبووی پەڵە و سوورێژەی پێست تۆمارکراون.
 
هەروەها رێکخراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی غەززە، زیاتر لە یەک ملیۆنیان تووشبووی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەن و نیو ملیۆنیش تووشبووی سکچوون و رشانەوەن، جگە لەوەی بە هەزاران منداڵیش تووشی زەردوویی تووند بوون.
 
عادل ئەبو عوبێد، خەڵکی غەززەیە و لەنێو کامپدا دەژی، دەڵێت: "نە پاککەرەوەمان هەیە، نە سابوون و نە توالێت''، هەروەها ئاماژە بە گرانیی نرخی پاککەرەوەکانیش دەکات، بەجۆرێک شامپۆیەک بە 100 شیکڵ و پارچەیەک سابوون بە 25 شیکڵە.
 
بەشێک لە منداڵەکان خۆیان لەنێو ئاوی دەریادا دەشۆن، بەشێکیشیان بەبێ شۆردن هەمان جلوبەرگ لەبەر دەکەنەوە.
 
مەناس ئەلحەسی، دایکی منداڵێکی تووشبووی هەوکردنی پێستە و دەڵێت: ''لەناکاو پەڵەی سەر پێست لەسەر منداڵەکەم دەرکەوت، وامزانی کە ئاساییە، بەڵام رۆژی دواتر بە هەموو جەستەیدا بڵاوبووەوە و بەهۆی گرانییەوە ناتوانین چارەسەری بۆ بکەین''.
 
بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار دانیشتووی غەززە ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهێشتووە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل؛ دابەشکردنی پێداویستییەکانی پاککردنەوە دواکەوتووە و ئاستەنگی بۆ جووڵەی بارهەڵگرەکانیان دروستکردووە.