پسپۆڕێک: نزیکەی 40٪ـی پیاوان کێشەی زوو ئاوهاتنەوەیان هەیە؛ هۆکار و چارەسەرەکانی بزانە

30-06-2024
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەزۆکی و لاوازیی سێکسی لە پیاوان رایدەگەیەنێت، 30٪ بۆ 40٪ـی پیاوان کێشەی زوو ئاوهاتنەوە ''زوو تەواوبوون''ـیان هەیە و ناڕێکیی دەروونی و دڵەڕاوکێ هۆکاری سەرەکین بۆ کێشەکە.
 
د. رەنج بیلال، پسپۆڕی نەزۆکی و لاوازیی سێکسیی پیاوان بە رووداوی گوت، هەندێک دەرمان و خووی ناتەندروست دەکرێت هۆکاربن بۆ زوو ئاوهاتنەوە، نهێنییەکیش ئاشکرادەکات.
 
لەبارەی چارەسەرەکانیش باسی فیلەر دەکات کە دەشێت بۆ چارەسەری زوو ئاوهاتنەوە بەکاربێت و دەڵێت: ''ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا هۆکاردەبێت بۆ نەزۆکی''.
 
دەقی وەڵامەکانی د. رەنج بیلال، پسپۆڕی نەزۆکی و لاوازیی سێکسیی پیاوان لەبارەی زوو ئاوهاتنەوە ''زوو تەواوبوون''ـی پیاوان؛
 
رووداو: کەسێک چۆن بزانێت کە کێشەی زوو ئاوهاتنەوەی هەیە و زیاتر لە چ تەمەنێکدا پیاوان تووشیان دەبێت؟
 
د. رەنج بیلال: هەر کەسێک سێ خولەک کەمتر گەیشت بە ئۆرگازم ''تەواوبوون'' یاخود هەر کەسێک نەتوانێت هاوبەشەکەی بە ئۆرگازم بگەیەنێت ئەوا کێشەی زوو تەواوبوونی هەیە، بە شێوەیەکی گشتی پیاوان لەنێوان 3 بۆ 8 خولەک دەگەن بە ئۆرگازم واتە تەواودەبن، هەروەها دەشێت کێشەی زوو ئاوهاتنەوە لە تەمەنی 18 ساڵییەوە تاوەکو 59 ساڵی رووبدات. تەنانەت نزیکەی 30٪ بۆ 40٪ـی پیاوان ئەم کێشەیەیان هەیە.
 
رووداو: هۆکارە باوەکانی زوو ئاوهاتنەوە چین؟
 
د. رەنج بیلال: چەند هۆکارێک دەکرێت ببنەهۆی زوو ئاوهاتنەوە کە باوترینیان هۆکاری دەروونییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەمانەی خوارەوە هۆکارن؛
 
- خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
- کێشە لەنێوان هاوژینان
- کێشەی رەپنەبوونی چووک
- نەخۆشییەکانی پڕۆستات
- کێشەکانی غودەی دەرەقی ''رژێنی پەریزادە''
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان؛ وەکو بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی شیر و دابەزینی هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆن و ئۆکسیتۆسین لە پیاوان
- کەمدەردانی دۆپامین و سیرۆتۆنین لە مێشک
- بۆماوەیی
 
رووداو: چۆن زوو ئاوهاتنەوە چارەسەردەکرێت؟
 
د. رەنج بیلال: چارەسەری رەفتاری رێگەیەکی کاریگەرە بۆ چارەسەری زوو ئاوهاتنەوە ''زوو تەواوبوون'' لە پیاواندا یاخود بەکارهێنانی دەرمان لە رێگەی دەنکۆڵە، هەروەها دەشکرێت جۆرە کرێم یان سپڕەیەکی سڕبوون 10 خولەک پێش جووتبوون لە چووک بدرێت، ئەگەر کەسەکە چارەسەری لەم رێگەیانە نەبینی، ئەوا دەتواندرێت کە بە فیلەر یاخود بە نەشتەرگەری چارەسەربکرێت.
 
رووداو: ئایا زوو ئاوهاتنەوە دەبێتەهۆی نەزۆکی؟
 
د. رەنج بیلال: بەڵێ، زوو ئاوهاتنەوە دەبێتەهۆی نەزۆکی بەتایبەت لەو کەسانەی کەمتر لە خولەکێک ئاویان دێتەوە و ناتوانن پڕۆسەی جووتبوون بکەن.
 
رووداو: ئایا ڤیاگرا یاخود هیچ دەرمانێک هەیە ببێتەهۆی زوو ئاوهاتنەوە؟
 
د. رەنج بیلال: بەڵێ، هەندێک دەرمان هەیە کە کێشەی زوو ئاوهاتنەوە دروستدەکات وەکو دەرمانی 'Cabergoline' کە بۆ تووشبووانی نەخۆشیی پارکینسن بەکاردەهێندرێت یاخود هەندێک دەرمان کە کۆکاین و ئەمفیتامینیان تێدایە، بەڵام ئەو پیاوانەی کە بەهۆی رەپنەبوونی چووکیان زوو ئاویان دێتەوە واتە زوو تەواودەبن، ڤیاگرا و هاوشێوەکانی دەکرێت وەک رێگە چارەسەر بەکاربهێندرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە