رێکخراوێکی ئەمریکی: 90٪ـی سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە کێشەی کەمیی دەرمانیان هەیە

دوێنێ کاژێر 05:19
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

راپۆرتی رێکخراوێکی ئەمریکی دەریدەخات، تووشبووانی شێرپەنجە لە وڵاتەکە دووچاری کەمیی دەرمان بوونەتەوە و پسپۆڕێکیش دەڵێت، کەمیی دابینکردنی بودجە هۆکارێکی سەرەکییە.
 
رێکخراوی تۆڕی هاوئاهەنگیی نیشتمانیی شێرپەنجە NCCN لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لەکۆی 33 سەنتەری گەورەی شێرپەنجە لە وڵاتەکە، 25ـیان دووچاری کەمیی دەرمان بوون.
 
هاوکات راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرینەی ئەو سەنتەرانە کێشەی کەمیی دەرمانی 'ڤینبلاستین''ـیان هەبووە کە بە گوێرەی FDA، دەرمانەکە لەگەڵ چارەسەری کیمیاییدا بەکاردەهێندرێت بۆ شێرپەنجەی لیمفۆما، شێرپەنجەی خوێن و شێرپەنجەی گونەکان.
 
تەنانەت ئەوەش دەردەخات، 46٪ـی سەنتەرەکان دەرمانی 'ئیتۆپۆساید' و 43٪ـیشیان 'تۆپۆتیکان'ـیان نییە.
 
د. کریستاڵ دێنلینگەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری NCCN دەڵێت: ''تووشبووانی شێرپەنجە لە ئاڵنگارییەکی سەختدان بەهۆی کەمبوونەوەی دەرمان و بێئومێدبوون لە چارەسەرەکانیان''.
 
لەم راپۆرتە نوێیەی رێکخراوەکە ئاماژە بە دوو دەرمان دەکرێت بە ناوەکانی 'کاربۆپلاتین و سیسپلاتین' کە بۆ چارەسەری زۆرێک لە شێرپەنجەی جیاواز بەکاردێن بەوەی کە 11٪ بۆ 7٪ـی سەنتەرەکانی شێرپەنجە کێشەی کەمیی ئەو دوو دەرمانانەیان هەیە.
 
د. ویلیام داهوت، سەرۆکی زانستیی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی لەم بارەیەوە دەڵێت: ''زۆریی بەکارهێنانی دەرمانەکان و کەمیی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ دابینکردن و بەرهەمهێنانیان هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی دەرمانەکانی شێرپەنجە''.
 
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمیی دەرمان راگەیاند بۆ هەریەک لە دەرمانەکانی 'کاربۆپلاتین و سیسپلاتین'، هاوکات بەشێکی پسپۆڕانیش هۆکاری کەمیی ئەو دەرمانانە بۆ مەبەستی بازرگانی دەگەڕێننەوە بەوەی کە ''تەنیا بۆ چەند کەسانێکی سنووردار بەکادێت و ناتوانن قازانجی زۆری لێبکەن''.
 
تۆڕی هاوئاهەنگیی نیشتمانیی شێرپەنجە NCCN لە ئەمریکا؛ رێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە 33 سەنتەری توێژینەوە و چارەسەری شێرپەنجە پێکدێت کە تەرخانکراون بە چاودێریکردن، چارەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە شێرپەنجە و تووشبووانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە