تاقیگەی ناوەندیی هەولێر: زۆرترین ژمارەی تووشبووی کۆرۆنا لە نیوەی ئەمساڵدا لە مانگی نیسان بووە

30-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

تاقیگەی ناوەندیی هەولێر لەبارەی تووشبووانی کۆرۆناوە رایدەگەیەنێت، مانگی نیسان زۆرترین تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکراون کە 22 تووشبوو بوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد عەبدوڵڵا، کارمەندی تاقیگەی ناوەندیی هەولێر تایبەت بە رووداوی گوت، تاڕادەیەک تووشبووانی کۆڤید-19 کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو پشکنینانەی دێتە تاقیگەکە پۆزەتیڤن بە کۆرۆنا.
 
دڵشاد عەبدوڵڵا، کارمەندی تاقیگەی ناوەندیی هەولێر دەڵێت: لەکۆی شەش مانگی ئەمساڵ، 260 پشکنینی کۆرۆنا کراون کە 40ـیان بە تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشان کراون.
 
هاوکات لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین تووشبووی کۆرۆنا لە مانگی نیسان تۆمارکراوە کە 22 تووشبوو بووە لەکۆی 53 پشکنین.
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ژمارەی پشکنینەکان و تووشبووانی کۆرۆنا لە تاقیگەی ناوەندیی هەولێر بەم شێوەیە بووە لە شەش مانگی ئەمساڵ؛
 
مانگی کانوونی دووەم؛ 68 پشکنین - 6 تووشبوو
مانگی شوبات؛ 40 پشکنین - 2 تووشبوو
مانگی ئادار؛ 42 پشکنین - 6 تووشبوو
مانگی نیسان؛ 53 پشکنین - 22 تووشبوو
مانگی ئایار؛ 39 پشکنین - 3 تووشبوو
مانگی حوزەیران؛ 18 پشکنین - 1 تووشبوو
 
هاوکات جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە و ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان دەڵێت: ''ئەم پاییزە ڤاکسینی نوێ وەربگیرێت، چونکە جۆرە نوێیەکە لە 38 ویلایەت بڵاوبووەتەوە''.
 
ناوەندی CDC پێشنیاز دەکات، لە تەمەنی شەش مانگییەوە ڤاکسینی کۆڤید-19 وەربگرن، چونکە دەکرێت پێشگیری لە ئەنفلەوەنزا و ڤایرۆسی RSVـیش بکات.
 
هەروەها CDC هۆشداری دەداتە ئەوانەی کە سەروو 65 ساڵانن بەوەی کە گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە پەتاکان و دەڵێت، ڤاکسین وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە