وەزارەتی تەندروستی دوای راگەیاندنی حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەولێر: هێشتا پشکنینەکەی دەرنەچووە

30-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ناوەند لە هەولێر رایدەگەیێنێت، حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئێستا لەژێر چارەسەردایە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "هیچ حاڵەتێکی چەسپێندراو بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارنەکراوە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی حوزەیرانی 2024 دکتۆر حەسەن هەمزە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ناوەند لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سێ کەیسی گومانلێکراویان هەبووە بۆ تای خوێنبەربوون، بەڵام تەنیا یەکێکیان پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بووە و ئێستا لە فریاکەوتنی ناوەند چارەسەر وەردەگرێت.
 
دکتۆر حەسەن هەمزە دەڵێت، "تووشبووەکە عەرەبە و نیشانەکانی تا، هەوکردن، بێهێزی و لاوازیی جەستەی هەبووە بۆیە بە گومان بوون کە تووشبووی نەخۆشییەکە بێت، دوای ئەنجامی پشکنینەکانیش دەرکەوتووە کە تای خوێنبەربوونی هەیە".
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دێسکی تەندروستیی رووداو کەوتوون، تووشبووەکە تەمەنی 41 ساڵە، عەرەبە و گۆشتفرۆشە.
 
هەروەها ئەو کەسە دانیشووی شاری بەغدایە و بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستیی، هاتووەتە هەولێر پشکنینی کردووە و پزیشکی پسپۆڕی بینیوە.
 
لەلایەکی دیکە، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، "هیچ حاڵەتێکی چەسپێندراو بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارنەکراوە".
 
لە راگەیێندراوێکدا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "هاوڵاتییەکی عەرەب کە دانیشتووی شاری بەغدایە، دوای ئەوەی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی کردووە لە شاری هەولێر، پزیشکان گومانی ئەوەیان لێکردووە کە نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی هەیە، بۆیە راستەوخۆ پشکنینی بۆ ئەنجام دەدەن، بەڵام تائێستا ئەنجامی پشکنینەکە دەرنەچووە و نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستی جێگیرە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە