تەندروستیی جیهانی: تاوەکو ساڵی 2030 نزیکەی 85٪ـی خەڵک چالاکیی جەستەییان نابێت

30-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیەنێت، لەماوەی 30 ساڵدا زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان کەمجووڵە و بێ چالاکیی جەستەیی دەبن، بەمەش نەخۆشییە درێژخایەنەکان چەند هێندە زیاددەکەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO پێشنیاز دەکات، هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 خولەک وەرزشی تووند هەبێت، تەنانەت دەڵێت، ئەگەر لەو ماوەیە کەمتربێت ئەوا مەترسیی دەکەوێتە سەر ژیانی کەسەکە.
 
بەپێی رێکخراوەکە، کەمجووڵەیی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، نەخۆشییە دەروونییەکان و ناڕێکییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان زیاددەکات.
 
توێژینەوەیەکی WHO دەریدەخات، لەکۆی 507 توێژینەوەی ورد کە کۆی گشتی 5.7 ملیۆن بەشداربوو پێکدەهێنن دەرکەوتووە، 30٪ـی خەڵک ئاستی پێویستی چالاکیی جەستەییان نییە.
 
تەنانەت ئاماژە بەوەشدەکات، ساڵانە کەمیی چالاکیی جەستەیی و جووڵەی رۆژانە لەنێو خەڵکدا زیاددەکات، بەجۆرێک لە ساڵی 2000 رێژەکە 23.4٪ بوو، بەڵام لە ساڵی 2010 بوو بە 26.4٪ و لە 2022ـش رێژەی کەمیی چالاکیی جەستەیی بەرزبووەوە بۆ 31.1٪.
 
کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی لە کۆبوونەوەی لووتکەی تەندروستیی جیهانی ئاشکراکرا کە رێژەی ئەوانەی چالاکیی جەستەییان هەیە تاوەکو 2030 دەگاتە 15٪ و خانمانیش کەمترین چالاکیی جەستەییان هەبووە.
 
رێکخراوەکە چەند مەترسییەکی کەمجووڵەیی دەخاتەڕوو وەکو؛
 
- تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- قەڵەوی
- ناڕێکیی هۆرمۆنەکان
- فرەکیسی سەر هێلکەدان
- ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاددەکات
- بەرزبوونەوەی شەکر و چەورییەکانی خوێن
- لاوازبوونی ماسوولکە و ئێسکەکان
- ناڕێكیی دەروونی
- زیادبوونی هەوکردنەکان
- لاوازبوونی فەرمانی سییەکان
 
بە گوێرەی سکووڵی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هارڤارد ئەمانەی خوارەوە چالاکیی جەستەیی مامناوەندی رۆژانەن؛ پێشنیاز دەکرێن رۆژانە 30 خولەک بکرێن.
 
- بەپێ رۆیشتن
- سەماکردن
- پایسکیلواری
- تێنس
- کشتوکاڵ
- مەلەکردن
- شاخەوانی
- شووشتنی ئۆتۆمبێل
- راکردن
- پەت پەتێن
- یارییەکانی وەکو 'باسکە، بالە و تۆپی پێ'
- گسکدانی کارەبایی
- راماڵینی بەفر
- یاریکردن لەگەڵ منداڵ
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە