بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر: بەهۆی تای خوێنەربوونەوە فرۆشی گۆشتی سوور 50٪ کەمبووەتەوە


رووداو-هەولێر 

بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون کاریگەری لەسەر فرۆشتنی ئاژەڵی زیندوو هەبووە. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "هەندێک هاونیشتمانی خۆیان بەدوور دەگرن لە کڕینی ئاژەڵ." بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێریش دەڵێت: "بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون 50٪ کاریگەری لەسەر فرۆشتنی ئاژەڵ هەبووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-6-2022، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون کاریگەری لەسەر هاونیشتمانییان هەبووە، هەندێکیان خۆیان بەدوور دەگرن لە کڕینی ئاژەڵی زیندوو، بەڵام ژیان ناوەستێت و خەڵکیش هەیە دەیکڕێت."
 
هەر لەوبارەوە، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە رووداوی رایگەیاند: "بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون 50٪ کاریگەری لەسەر فرۆشتنی گۆشت هەبووە و خەڵکێکی زۆر ئێستا نایخوات، بەڵام رێژەی سەربڕین زیادیکردووە، چونکە لیژنەکانی قایمقامییەت چاودێریی سەرشەقامەکان دەکەن و رێگری دەکەن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان، بۆیە لە هەموو قەزا و ناحیەکانیشەوە دێنە لای ئێمە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو، هیچ بازاڕێک و چالاکییەکمان نییە، ساڵانی رابردوو ئەم کاتە چالاکی هەبوو کۆمپانیا و دەزگاکانی خێرخوازی ئاژەڵیان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ بەوشێوەیە نییە."
 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر گوتیشی: "جگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەشێکی پەیوەندی بە نرخ هەیە، چونکە بە رێژەی نزیکەی 25٪ نرخی ئاژەڵ زیادیکردووە." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون باسی لەوە کرد: "یەکێک لەو گرفتانەی کە رووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئەو ئاژەڵەی تووشی تای خوێنبەربوون دەبێت، هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرناکەوێت، مەترسییەکەش ئەوەیە لەو ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام ئێمە هەموو ساڵێک رشاندن بۆ ئاژەڵەکان دەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکەین، 10 رۆژی دیکەش بڕێکی زیاتریش دەرمانمان پێدەگات لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رشاندن و لە ناوبردنی ئەو پەتایە."
 
رابەر محەممەد داوای لە هاونیشتمانییان کرد نەترسن و گۆشت لەو جێگەیانە بکڕن کە باوەڕپێکراوە و مۆڵەتی تەندروستی هەیە و ئەوانەی لەنێو ساردکەرەوەکانن، چونکە گۆشت دوای ساردکردنەوەی 90٪ چالاکییەکانی لە دەستدەدات. هەروەها دەبێت دووربکەونەوە لە گۆشتی سەرشەقامەکان، چونکە مەترسیدارە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداریی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت: "یەکێک لە کێشە گەورەکانمان ئەوەیە بەهۆی جەژنی قوربانەوە هاونیشتمانییان لەسەر شەقامەکان و لاکۆڵانەکان ئاژەڵ سەردەبڕن یاخود لە ماڵەوە، چونکە ئەوە مەترسیدارە، پێویستە روو لەو سەربڕخانانە بکەن کە مۆڵەتیان هەیە."
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، لەڕێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە؛ ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن؛ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە. 
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت. 
 
تای خوێنبەربوون ئەمساڵ سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و زۆرینەى تووشبووەکانیش لە عێراقدا هەر لەو پارێزگایەن.