بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ کحول کوالێتیی خەو تێکدەدات و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دڵ و جگەر دەبێت

رووداو - تەندروستی 

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس باسی خواردنەوە کحولییەکان کرا و پزیشکێکی پسپۆڕی هەرس و جگەر لە بەرنامەکەدا گوتی، کحول کاریگەریی لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستە هەیە و هۆکارێکە بۆ تێکچوونی تەندروستیی دڵ و جگەر. 
 
دکتۆر شێروان خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت: ''کحول جەستە وشکدەکاتەوە و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە''، بە گوتەی ئەو پزیشکە، کحول ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بخورێتەوە زیانی هەر دەبێت.
 
لە بارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی کحول لەسەر تەندروستیی دڵ، دکتۆر شێروان گوتی، "کحول لێدانی دڵ ناڕێک دەکات و ماسوولکەکانی دڵ لاواز دەکات، سەرئەنجام دەبێتەهۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ."
 
پسپۆڕەکەی هەرس و جگەر دەشڵێت: ''کۆمەڵە پزیشکییەکانی جیهان کۆکن کە کحول بۆ دڵ باش نییە''، تەنانەت لە بارەی خەوەوە گوتی، کحول کوالێتیی خەو تێکدەدات و مرۆڤ بێهۆشدەکات.
 
بەگوتەی دکتۆر شێروان خۆشناو، کحول هۆکارێکە بۆ سستبوون و پەککەوتنی جگەر، بەجۆرێک هانی بە مۆمبوونی جگەر دەدات، کە پەککەوتنی جگەری لێدەکەوێتەوە.
 
ئەو پزیشکە ئاماژەی بە زیانێکی دیکەی کحول کرد و گوتی: "بەرگریی جەستە لاواز دەکات و زیان بە خانەکانی مێشک دەگەیێنێت."
 
دکتۆر ئاراس بە ئینفۆگرافیكێک باس لە چەند زیانێکی کحول دەکات و ئاشکرای دەکات، بەردەوامیی خواردنەوە کحولییەکان ئارەزووی سێکسی لاوازدەکات و ئاستی چەوریی خوێن بەرزدەکاتەوە، هەروەها لەبارەی پێستەوە دەڵێت: وشکی و چرچولۆچیی پێست زیاددەکات و مولوولەکانی خوێن فراواندەکات کە دەبێتەهۆی سووربوونەوە.
 
پسپۆڕێکی دەروونی باس لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی کحول لەسەر دەروونی مەیخۆر دەکات و دەڵێت، هەر شتێک زیان بە جەستە بگەیێنێت بۆ دەروونیش خراپە، هەروەها دەڵێت: ''کحول رێژەی تووڕەبوون، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاددەکات.''
 
سەلمان سەباح، پسپۆری دەروونی دەڵێت: "کحول تەنیا بەشێوەی کاتی ئارامکەرەوەیە و دواتر هۆکاری تووڕەییە''، هاوکات دەشڵێت: "کحول هۆکارێکە بۆ تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکان، بەجۆرێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان کەمدەکاتەوە، چونکە ئالوودەبوونی لێدەکەوێتەوە."
 
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.