ئەمریکا رێگە بە کوردێک دەدات دڵی دەستکرد لەسەر مرۆڤ تاقیبکاتەوە

30-01-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو پزیشکە کوردەی توانی دڵی دەستکرد دروستبکات، لەلایەن رێکخراوێکی ئەمریکییەوە مۆڵەتی ئەوەی پێدرا لەسەر مرۆڤ تاقیبکاتەوە.
 
دکتۆر ئازاد نەجاڕ، تەمەنى 53 ساڵە و خەڵکى زاخۆیە، لە سوێد پزیشکە و توانى دواى 20 ساڵ کارکردنى بەردەوام دڵى دەستکرد دروست بکات، هەروەها خاوەنى دەیان داهێنانى دیکەیە لە بوارەکانى پارچەى دەستکرد و ئامێرى نەشتەرگەرى و بڕوانامەى پارێزراوى داهێنانەکانیشى پێبەخشراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، دکتۆر ئازاد نەجاڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو 2007 بە تەنیا کاری لەسەر دروستکردنی دڵی دەستکرد کردووە، دواتر "بووین بە گرووپێک کە 30 بۆ 50 کەس بە بەردەوامی کارمان دەکرد و 25 کەسیش بە شێوەی پچڕ پچڕ، بۆ ئەوەی کارەکانمان باشتر بکەین."
 
ئەو پزیشکە کوردە دەڵێت: "دوێنێ دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا مۆڵەتی پێداوە ئەو دڵە دەستکردەی بەکاربهێنێت."
 
لەبارەی کارەکانی، ئازاد نەجاڕ گوتی: "لە ساڵی 2017 دەستمانکرد بە تاقیکردنەوەی لەسەر ئاژەڵان، ساڵی 2018 چوون بۆ ئەمریکا و لە واشنتن قسەمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندار کرد، دوای 8 ساڵ چاوەڕوانی، دوێنی رێکخراوی جیهانی FDAـی رەزامەندی بەکارهێنانیان لەسەر مرۆڤ دەربڕی."
 
نرخی ئەو دڵە دەستکردە 120 هەزار دۆلارە. دکتۆر ئازاد نەجاڕ دەڵێت: "شەش مانگمان پێویستە بۆ دروستکردنی دڵێک، بەڵام کاتێک کەوتە واری جێبەجێکردنەوە بەرنامەمانە بە مانگێک دڵێک دروستی بکەین، دڵەکە بەشێوەیەکی بێدەنگ کاردەکات و قەبارەی بچووکە، وەک دڵی سرووشتی کاردەکات."
 
بە گوتەی دکتۆر ئازاد نەجاڕ، "پێویستە لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەم بوارە بکرێتەوە، راهێنان بە دکتۆر بکرێت تاوەکو فێری شیوازی دانانی دڵی دەستکرد ببن."
 
هەر دەرمان و ئامێرێکی تەندروستی لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) رەزامەندی لەسەر نەدرێت، ناتواندرێت بەکاربهێندرێت.
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە