توێژینەوەیەک: لەهەندێک باردا لەوانەیە کۆرۆنا ببێتەهۆی نەزۆکی لە پیاواندا

رووداو- دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆرناڵی (Reproduction) بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کۆرۆنا لە حاڵەتە توندەکانی لەوانەیە کاربکاتە سەر توانای زایەندی پیاوان.


لە توێژینەوەکەدا کە بەدواداچوون بۆ تەندروستی 105 پیاو کراوە، پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە ئەو پیاوانەی بە توندی تووشی کۆرۆنا دەبن لەوانەیە کۆرۆنا کاربکاتە سەر کواڵێتی سپێرمەکانیان.

توێژەرەکان نووسیویانە، ئەمە یەکەمین توێژینەوەیە پەیوەندی نێوان تووشبوون بە کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر سپێرمی پیاوان ئاشکرابکات.

د. چانا جایاسینا، راوێژکاری نەخۆشییە کوێرەرژێنییەکان و نەخۆشییەکانی پیاوان و نەزۆکی لە زانکۆی ئیمپریاڵ لە بەریتانیا کە بەشداری توێژینەوەکەی نەکردووە دەڵێت، دەکرێت کاتێک پیاوێک زۆر نەخۆشدەکەوێت بۆ نموونە بە توندی تووشی ئەنفلەوەنزاش دەبێت بۆماوەیەکی ژمارەی سپێرمەکانی کەمبکات.

راوێژکارە بەریتانییەکەی نەخۆشییەکانی پیاوان روونیدەکاتەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت کۆرۆنا لەنێو تۆواوی پیاواندا هەیە و بەهۆیەوە دەگوازرێتەوە.

لە توێژینەوەکەدا کە 105 پیاو تیایدا بەشداربوون، توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت ئەو پیاوانەی کۆرۆنایان بە توندی گرتبوو، هەوکردن لەنێو تۆوە خانەکانیان هەبووە و کۆرۆنا بە نەرێنی کاریکردووەتەوە سەر شێوە، ژمارە و کواڵێتی تۆوەکان.

بەهزاد حاجیزادە مەلەکی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە ئەڵمانیا دەڵێت، دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا کاربکاتە سەر کواڵێتی سپێرمەکان و لە داهاتوودا بۆ پیاوەکە گرفتی نەزۆکی دروستبکات.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیشیدەکاتەوە هەرچەندە ئەم کاریگەرییانە کاتین و بەگوێرەی کات باشتردەبن و توندییەکەشی پەیوەستە بە توندی تووشبوون بە کۆرۆنا.

سەبارەت بە هۆکارەکەشی پزیشکانی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێن، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وەرگری (ACE2)ەوە دەنوسێت و دەچێتە نێو خانەکان، ئەم وەرگرەش جگە لە سییەکان و بەشەکانی دیکەی جەستە لە گونەکانی پیاوانیشدا هەن بۆیە ڤایرۆسەکە لەرێگەیەوە دەچێتە نێو سپێرمە خانەکان.

توێژەرەکانی دەشڵێن، ئەم کاریگەرییانە زۆربەی جار کاتین و ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە یەکلاکەرەوە نین و بەدواداچوونی زیاتری پێویستە.