لە فیلیپین یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرا

رووداو- هەولێر 

بەرپرسانی تەندروستی لە فیلیپین یەکەم حاڵەتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکە پشتڕاستکردەوە.


بەرپرسانی تەندروستی فیلیپین رایدەگەیێنن تووشبووەکە خانمێکی چینی تەمەن 38 ساڵە، دوای ئەوەی لە وهانەوە گەشتیکردووە بۆ هۆنگ کۆنگ و لەوێشەوە گەڕاوەتەوە فیلیپین لە فڕۆکەخانە پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

فرانسیسکۆ دیکوی، بەرپرسێکی تەندروستییە لە فیلیپین دەڵێت، "یەکەمین حاڵەتی تووشبوونمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکردووە، کە تووشبووەکە خانمێکی خوێندکاری تەمەن 38 ساڵە، سەرەتا لە فڕۆکەخانە گومانی تووشبوونی لێکراوە دواتر پشکنینمان بۆی ئەنجامداوە و ئەنجامەکان ئەرێنی بوون بۆ ڤایرۆسەکە."

فیلیپین رێکارەکانی خۆی لە فڕۆکەخانەکان توندکردووە و داوای لە خەڵکی کردووە گەشتەکانیان دوابخەن بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاونەبێتەوە.