لە ئیندۆنیزیا هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان دەستپێدەکات

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی ئیندۆنیزیا بە مەبەستی پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان، هەڵمەتی کوتان بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار منداڵ لە شاری ئاچێ رادەگەیێنێت.
 
دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی ئیفلیجی لە وڵاتەکە کە تووشبوویێکی تەمەن حەوت ساڵی شارەکە بوو، وەزارەتی تەندروستیی ئیندۆنیزیا بۆ رووبەڕووبوونە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی تووشبووان رێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر.
 
تەندروستیی ئیندۆنیزیا رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا سێ منداڵی دیکە بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات بڕیاردەدەن لەم هەفتەیە هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی بۆ منداڵانی پارێزگای ئاچێ دەستپێبکەن و ئامانج ئەوەیە بتوانن ڤاکسینەکان بگەیێنن بە یەک ملیۆن و 200 هەزار منداڵی شارەکە.
 
ماکسی رێین، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئیندۆنیزیا دەڵێت: ''ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵ چارەسەری نییە، تەنیا بە وەرگرتنی قورچکی ڤاکسین دەتواندرێت پێشگیری لێبکرێت.'' 
 
هەروەها ماکسی رێین  روونیدەکاتەوە، وەزارەتی تەندروستی بە ئەنجامدانی پشکنینی دەرگە بە دەرگە، چاودێریی وردی حاڵەتەکان دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە.
 
ناوەندی تەندروستیی ئاچێ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئیفلیجی سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن، تاوەکو پارێزراوبن لە ڤایرۆسەکە و بتوانن کۆمەڵگەیەکی سەلامەت و دوور لە ئیفلیجییان هەبێت.
 
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش دەریدەخەن، لە 2020دا نزیکەی 86٪ـی منداڵان ڤاکسینی ئیفلیجییان وەرگرتووە، بەڵام لە ساڵی 2021 ئەم رێژەیە بۆ 80٪ کەمبووەتەوە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 1988 بڕیاری نەهێشتنی ئیفلیجیی منداڵانی لە جیهاندا پەسندکرد، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە تاوەکو ئێستا تووشبووانی ڤایرۆسی ئیفلیجی 99% کەمیکردووە.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا روونیدەکاتەوە، ڤایرۆسەکە لە رێگەی خۆراک و ئاوی پیسبوو، یاخود شلەکانی جەستەی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە.