زانکۆی مۆنتریێل: کەمیی ڤیتامین D هۆکارێکی نەخۆشیی جۆری یەکەمی شەکرەیە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی مۆنتریێل لە کەنەدا دەریدەخات، کەمیی ڤیتامین D بە تایبەت لە سەرەتای تەمەندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی جۆری یەکەمی شەکرە زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کەمیی لە رێژەی ڤیتامین دی هۆکارێکی هێرشکردنەوەی خانەکانی بەرگری جەستەیە بۆ سەر خۆیان، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی دروستدەبێت و باوترینیان شەکرەی جۆری یەکەمە. 
 
د. جۆن وایت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ڤیتامین D پێویستە بۆ گەشەکردنی ئاسایی و تەندروست، ئەوانەی ئەم ڤیتامینەیان کەمە دەبێت خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامینەکە بخۆن و دەکرێت لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆڕ دەرمان وەربگرن''.
 
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، ڤیتامین D یەکێکە لەو ڤیتامینانەی کە لەناو چەوریدا دەتوێتەوە و زۆر گرنگە بۆ تەندروستی ئێسک و بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگریی جەستە.
 
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی لە بەریتانیا، برۆکلی، ماسی، جگەر، هێلکە، شیر و پەنیر سەرچاوەی باشی ڤیتامین Dـن.