توێژەرانی ئەمریکا رێگەیەکی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی ئۆتیزم دەدۆزنەوە

29-10-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – هەولێر

توێژەرانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا سیستەمێکی ئەلیکترۆنیان داهێناوە بۆ یارمەتیدانی پزیشکان لە  پێشبینیکردن و دەستنیشانکردنی ئەگەری تووشبوونی منداڵان بە ئۆتیزم.
 
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا کراوە و لە گۆڤاری BMJی تەندروستی بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بە نوێترین رێگەی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم دەدات وەک هاوکارییەک بۆ پزیشکان، سەرەڕای رێگەباوەکانی پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی ئۆتیزم، بەجۆرێک سیستەمە ئەلکترۆنییەکە سەدان زانیاریی کلینیکی سەبارەت بە منداڵەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندییەکان بۆ دەستنیشانکردنی تووشبوون بە ئۆتیزم.
 
 
دکتۆر کۆشی شین، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی پێن ستەیت دەڵێت: ''سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە هۆکارەکانی ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم دەدۆزێتەوە و رێژەیەک بۆ ئەو ئەگەرە دادەنێت، چونکە توێژینەوەکانی پێشتر پشتڕاستی دەکەنەوە، تووشبووانی ئۆتیزم  نیشانەی جیاوازی لەخۆگرتووە وەکو هەندێک جۆری هەوکردن، کێشەی جووڵە، سەرئێشە، تێکچوونی کۆئەندامی هەرس و هەندێک رەفتاری جیاواز". 
 
دکتۆر جودۆنگ لو، پسپۆڕی تەندروستیی دەروونی لە قوتابخانەی پزیشکیی زانکۆی پێن ستایت، روونیدەکاتەوە، کە پزیشکان پێویستیان بە چەند تێبینی و سەردانێک هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئۆتیزم، ئەمەش پێویستی بەکاتە و لەوانەیە نەخۆشییەکە بگاتە قۆناخێک، کە چارەسەرکردنی ئەستەم بێت. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئۆتیزم بریتییە لە تێکچوونی رەفتار و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندیکردن و فێربووندا، ساڵانە لە رۆژی 2ی نیسان هەڵمەتی هۆشیاری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ئەم نەخۆشییە تاوتوێ دەکرێن، چونکە لەکۆی 100 منداڵ یەکێکیان تووشبووی ئۆتیزمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە