باوکی ئەستێرەی نێوداری ئەمریکی بیۆنسێ شێرپەنجەی مەمکی هەیە

رووداو- هەولێر


باوکی ئەستێرەی نێوداری ئەمریکی بیۆنسێ، لە میانی بەشداریکردنی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایدەکات، وەک تووشبووی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشانکراوە و ئێستا لە قۆناخی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەدایە.

ماتیۆ نۆلێسی، تەمەن 67 ساڵ بازرگان، پرۆدیۆسەری میوزیک و باوکی خانمە گۆرانیبێژی نێوداری ئەمریکی بیۆنسێ، ئاشکرایکردووەکە ئێستا لە قۆناخی وەرگرتنی چارەسەردایە بۆ شێرپەنجەی مەمک.

ماتیۆ نۆلێس، باوکی خانمە گۆرانیبێژ بیونسێ دەڵێت، رۆژێکیان جلێکی سپیم پۆشیبوو دواتر چەند دڵۆپێک لە خوێنم لەسەر جلەکەم بینی، هەرگیز بیرم لە شێرپەنجەی مەمک نەکردبووەوە، بیرم لە هەموو شتێک کردەوە، پێموابوو لەوانەیە کاریگەری ئەو دەرمانانە بێت کە رۆژانە دەیانخۆم، بەڵام دواتر بیرم لە فاکتەرەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کردەوە و چووم بۆ ئەنجامدانی مامۆگرام.

پزیشکان دەڵێن، یەکێک لەو فاکتەرانەی کە هۆکار بووە بۆ سەرهەڵدانی شێرپەنجەی مەمک لە ماتیۆ نۆڵێس بەرکەوتنی درێژخایەنی بووە بە تیشک، چونکە ئەو ماوەیەک لەو بەشەدا کاریکردووە، هەروەها لەنێو خێزانەکەشیدا مێژووی تووشبوون بە نەخۆشییەکە هەیە.

دوای ئەنجامدانی مامۆگرام و پشتراستبوونی شێرپەنجەکەی، نەشتەرگەری لابردنی مەمک و پشکنینی بۆهێڵی بۆ کراوە.

ماتیۆ نۆڵێس رێنماییدەداتە پیاوان بەتایبەت ئەوانەی فاکتەری مەترسیداریان بۆ تووشبوون هەیە پشکنینی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامبدەن و پشتگوێینەخەن.