لە سوودان گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا لە زیادبوونە

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی سوودان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 430 کەس بەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە. 
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی بەردەوامی ململانێ و شەڕێ ناوخۆ کەرتی تەندروستیی سوودان رووخاوە و رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبوون و گیانلەداستدان بەهۆی کۆلێرا و نەخۆشییە گوازراوەکان زیاددەکات. 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکات، هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا و پێشگیریکردن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی سوودان، بڵاوبوونەوەی کۆلێرا بەم شێوەیە دوای هەلگیرسانی جەنگ دەستیپێکرد، ئاوارەبوونی هاووڵاتییان و دەستنەکەوتنی سەرچاوەی ئاوی پاک هۆکاری سەرەکین.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، نەخۆشیی کۆلێرا هەوکردنێکی بەکتریایی گوازراوەیە و خواردنی خۆراک و ئاوی پیسبوو سەرەکیترین رێگەی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیە، ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دەتوانێت نەخۆشەکە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بکوژێت.