پزیشکێک: ''مەهێڵە دڵت لە کار بکەوێت''

رووداو - تەندروستی 

پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو دەڵێت، دڵ سەرەکیترین ئەندامی جەستەیە و لەکارکەوتنی واتە کۆتایی ژیان، دەشڵێت: ''مەهێڵە لەکار بکەوێت و هەمیشە تەندروستیی بپارێزە''.
 
دکتۆر ئەسما عەبدولکەریم، پزیشکی نیشتەجێی خولاو گوتی، بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری سەرەکیی مردنن لە جیهان دا؛ کە ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆن کەس بەهۆیانەوە گیانلەدەستدەدەن.
 
تەنانەت ئەو پزیشکە دەشڵێت: بە پەیڕەوکردنی چەند خوویەکی تەندروست کە ژیانت دەپارێزێت دەکرێت ئەم ژمارەی مردنە کەمبکرێتەوە و رێگری لێبکرێت، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵبکرێت بەم شێوەیە؛
 
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر 
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
-  وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی