CDC: چەند کارمەندێکی تەندروستیی نیشانەکانی ئەنفلوەنزای باڵندەیان لێدەرکەتوون

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC رایدەگەیێنێت، شەش کارمەندی تەندروستی کە چاودێریی تووشبووێکی ئەنفلوەنزانی باڵندەیان کردووە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لێدەرکەوتوون. 
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، شەش کارمەندەکە بەرکەوتەیان لەگەڵ تووشبووێكی ئەنفلوەنزاکە هەبووە کە لە نەخۆشخانە چاودێری دەکرێت، هەموویان کەرەنتینە کراون و پشکنینیان نێردراوەتە تاقیگە. 
 
لیزا کۆکس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ویلایەتی میزۆری دەڵێت، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاماژە بە گوێزرانەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە بکات''.
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، سێ هەفتە تێپەڕیوە بەسەر تووشبوونی کەسێک بە ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا کە هیچ بەرکەوتنێکی لەگەڵ ئاژەڵدا نەبووە، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت سەرچاوەی تووشبوونەکەی چییە. 
 
بەپێی CDC بۆ خۆپاراستن لە تووشبوونە بە ئەنفلوەنزای باڵندە ئەم هەنگاوانە جێبەجێبکرێن؛ 
 
- دەست نەدان لە ئاژەڵ و باڵندەی نەخۆش یاخود مردوو. 
- بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە نەخۆشەکان.
- گەرمکردنی شیر پێش ئەوەی بخورێتەوە.