رووداو - تەندروستی
کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی لە سۆران، هەڵمەتی ''سفر پلاستیک'' رادەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس بەشدارن، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە دەڵێت: لە چێشتخانەکەیان هەموو کەلوپەلێکی پلاستیکییان قەدەخەکردووە و لەمەودوا دەبێت بەشێکی پەروەردە تایبەت بێت بە هاندان بۆ پاراستنی ژینگە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024 ڤینۆس موشیر، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پەروەردەیی کۆدۆ لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، گرنگە لە رێگەی پەروەردەوە هۆشیاریی ژینگەیی و پاکڕاگرتنی ژینگە رابگەیێندرێت و پڕۆژەکەشیان لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە دەستپێکردووە.
ڤینۆس موشیر باسی پڕۆژەکەی دەکات و روونی دەکاتەوە، چالاکیی بەشداربووانی هەڵمەتەکە ئەوەیە کە بتڵی پلاستیکیی ئاو بەکارنەهێندرێت و لە بری ئەوە هەر بەشداربوویەک دۆلکەیەک یاخود کۆگەیەکی هەڵگرتنی ئاوی ستیلی پێدەبێت و چیدیکە بتڵی ئاو لەنێو کۆمەڵگەکە بەکارناهێنێت.
بە گوتەی ئەو، هەڵمەتی سفر پلاستیک مەبەستەکەی ئەوەیە کە ئەگەر لە رۆژێکدا هەرکەس سێ بتڵ ئاو بەکاربێنێت ئەو 560 کەسەی بەشدارن لە مانگێکدا 37 هەزار بوتڵ بەکاردێنن و لە ساڵێکدا 436 هەزار دانە، ئەوەش هەمووی دەچێتە ژینگەوە، بەڵام ئەوان ئەو ژمارەیان کەمکردووەتەوە بۆ سفر دانە.
ڤینۆس هۆکاری ئەوەی کە بایەخ بە بەکارهێنانی کۆگەی ئاوی ستیل دەدەن بەراورد بە شووشە دەڵێت: ''بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بەشداربووان منداڵن، بۆیە رەنگە مامەڵەکردن لەگەڵ شووشە زەحمەت بێت و ئاگایی زیاتری بوێت و کەمتر سەلامەتە، هەر بۆیە ستیلیان بەکارهێناوە''.
بە گوێرەی زانکۆی فودان لە چین، گەردیلە وردەپلاستیکییەکان ئەم مەترسییانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە؛
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردە رێوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ