رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بەکارنەهێنانی کۆندۆم لەنێو مێردمنداڵانی ئەورووپا دەدات
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوەدەکات، بەکارهێنانی کۆندۆم لەنێو مێردمنداڵانی ئەورووپا بەشێوەیەکی "بەرچاو" بەرەو کەمبوونەوە چووە.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راپۆرتێکی لەبارەی بەکارنەهێنانی کۆندۆم لەنێو مێردمنداڵانی ئەورووپا کردووە و دەڵێت، لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2016 بەکارهێنانی کەمیکردووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ساڵی 2022 راپرسییەکی کردووە و تێیدا 242 هەزار مێردمنداڵی تەمەن 15 ساڵی 53 ناوچەی ئەورووپا بەشدارییان کردووە و تێیدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە دوایین جار سێکسییان کردووە و کۆندۆمییان بەکارهێناوە بەراور بە ساڵی 2014 نزیکەی 70٪ دابەزیوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرینەی نەوجەوانان کە کۆندۆم بەکارناهێنن و دەنکۆڵەی رێگریکردن لە منداڵبوون ناخۆن لە ماڵباتە کەمداهاتەکانن.
هانس کلوگە، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەورووپا دەڵێت، "پەروەردەی سێکسیی گشتگیر لە چەندین وڵات بە پشتگوێخراوی ماوەتەوە و لە چەند ساڵی رابردووشدا هێرشکردن بۆ سەریان زیاد بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زانیاریی هەڵە لەبارەیانەوە بڵاوکراوەتەوە".
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەبارەی بەکارنەهێنانی کۆندۆم دەدات و دەڵێت، لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی بەکارنەهێنانی کۆندۆم، نەخۆشییە گوازراوەکان و دووگیانی بێ پلان لەنێو مێردمنداڵان زیاتر بووە.
وەکو رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی دەکات، لەو وڵاتانەی کە داهاتییان بەرزە 20٪ تاوەکو 30٪ خەڵک کۆندۆم بەکاردەهێنن و لەو ناوچانەشی کە داهاتییان کەمترە 15٪ خەڵک کۆندۆم بەکاردەهێنن.