رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی شەربەتی لیمۆیە و ئەکادیمیایەکی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، شەربەتی لیمۆ چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن کەمدەکاتەوە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەمدەبێتەوە.
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشكی دەڵێت، لەگەڵ ژەمەکاندا بڕێک شەربەتی لیمۆ بخورێتەوە، تەنانەت لەنێوان ژەمەکانیشدا پەرداخێکی لێبخورێتەوە.
بەپێی چەندان توێژینەوە و پسپۆڕ چەند سوودێکی ئاوی لیمۆ ئاشکرادەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە؛
دژەئۆکسانێکی بەهێزە
لەیسی پوتەک، پسپۆڕی خۆراک و رێژیمی خۆراکی لە ئەمریکا دەڵێت: لیمۆ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و مادە فلاڤۆنۆیدەکان، بەمەش دژەئۆکسێنەرێکی بەهێزە و بەرگریی جەستە بەهێزدەکات کە دژی هۆکارەکانی نەخۆشی و تەنانەت شێرپەنجەش بجەنگێت.
چرچولۆچیی پێست کەمدەکاتەوە
بەگوێرەی کۆمەڵەی پێست لە کەنەدا، لیمۆ یارمەتیی بەرهەمهێنانی کۆلاجینی پێست دەدات، بەمەش نیشانەکانی پیربوونی پێست دوادەخات، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C.
رێژەی مژینی ئاسن زیاددەکات
توێژینەوەیەکی زانکۆی وارساو لە پۆڵاند دەریدەخات، لیمۆ یارمەتیی بەرزبوونەوەی رێژەی ئاسن دەدات و پێشگیری لە کەمخوێنی دەکات، چونکە هاوکارە لە هاندانی خانەکان بۆ مژینی ئاسن.
چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن کەمدەکاتەوە
ئەکادیمیای خۆراک و رێژیمی خۆراکیی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، لیمۆ دەوڵەمەندە بە ریشاڵەکان کە یارمەتیدەرن لە کەمبوونەوەی کۆلیستڕۆڵ و شەکری خوێن، هەروەها لیمۆ یەکێکە لەو میوانەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەمدەکاتەوە. بەڵام ئەکادیمیاکە هۆشیاریدەدات لەوەی کە پێویستە هەموو ریشاڵی لیمۆکە بکرێت بە شەربەت و نەپاڵێورێت.
ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە کەمدەکاتەوە
بەپێی سکووڵی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد، لیمۆ ترشی سیتریکی تێدایە کە هاوکارە لە تێکشکاندنی بەردەکانی گورچیلە، بەمەش ئەگەری دەرچوونیان زیاددەکات و کەسەکە لە بەردە گەورەکانی گورچیلە رزگاردەکات، تەنانەت ئاوی لیمۆ ئەگەری دروستبوونی بەری گورچیلەش کەمدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ