پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن: بەبێ راوێژی پزیشک دەرمانی دژەبەکتریا بۆ سکچوون و رشانەوە بەکارنەیەت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن رایدەگەیێنێت، منداڵ و بەساڵاچووان گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە، هۆشداریش دەدات کە دەرمانی دژەبەکتریاکان بەبێ راوێژی پزیشک بەکارنەیەن.
د. هەڤاڵ فارس، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر تووشبوویێکی سکچوون و رشانەوە تووشی وشکبوونەوەی جەستە نەبوو، پێویست ناکات سەردانی نەخۆشخانە بکات، بەڵکو لە ماڵەوە بایەخ بە خواردنی شلەمەنی و ئاوخواردنەوەی پێویست بدات، تاوەکو جەستەی شێداربێتەوە.
د. هەڤاڵ فارس گوتی، منداڵ و بەساڵاچووان دوو گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە سکچوون، چونکە جەستەیان زیاتر تووشی وشکبوونەوە دەبێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت، لە کاتی تووشبووندا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن.
لەبارەی ژیناوی ئامادەکراوەکان گوتی، ژیناوی تۆز کە لە دەرمانخانەکان بەردەستە، سەرجەم مادە کانزاییە پێویستەکانی تێدایە و تووشبووانی سکچوون دەتوانن بەکاری بهێنن و بە دروستی ئامادەی بکەن، چونکە هەمان رۆڵی ژیناوی نەخۆشخانەکان دەبینێت.
ئەم پسپۆڕەی پزیشکیی فریاکەوتن ئاماژە بەوەشدەکات، تووشبووانی سکچوون و رشانەوە دەرمانی دژەبەکتریاکان بەبێ راوێژی پزیشک لە نۆرینگە لاکۆڵانەکاندا بەکارنەهێنن، چونکە هۆکاری سکچوون و رشانەوە دەکرێت ڤایرۆس یاخود مشەخۆر بێت، بۆیە بەکارهێنانی دژەبەکتریا بەبێ پشکنین، مەترسیی زیادبوونی بەرگەگرتنی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان زیاددەکات.
ئەم پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، تووشبووی رشانەوە دەتوانێت دوای 4 بۆ 6 کاژێر شلەمەنی و خۆراک بخوات، هەروەها پێشنیازدەکات، کەسی تووشبوو بایەخ بە پشوودان بدات.