نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: رۆژانە نزیکەی 70 منداڵ بەهۆی سکچوونەوە خەوێندراون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی رایگەیاند، تائێستا بۆیان یەکلانەبووەتەوە ئەو پەتایەی سکچوون و رشانەوە کە لەنێو منداڵاندا لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە کۆلێرایە. دەشڵێت، لە هەفتەی رابردووەوە رۆژانە نزیکەی 70 منداڵ بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
 
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان لە سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی 'بەکاتی سلێمانی' لە رادیۆی رووداو، کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ساڵانە لە سەرەتای هاوین و پاییز هەمیشە پەتای سکچوون و رشانەوە هەن، لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان هەموو ئامادەکارییەک دەکەن بۆ هەر ئەگەرێک.
 
بە گوتەی د. پشدەر عەبدوڵڵا، "ئەو کەیسانەی کە سکچوون و رشانەوەن، بەردەوام پشكنینی کۆلێرایان بۆ دەکەن لە سلێمانی، بەڵام سامپڵەکانیش دەنێرین بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پەتای کۆلێرایە یاخود نا."
 
لەبارەی ژمارەی تووشبووان بە سکچوون و رشانەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان رایگەیاند، "لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، رۆژانە 650 بۆ 700 منداڵ هێندراونەتە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان، لەو ژمارەیە رۆژانە نزیکەی 70 منداڵیان سکچوون و رشانەوەیان هەبووە و پێویست بووە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان لە سلێمانی رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات و دەڵێت، "دەبێت لە کەیسەکانی سکچوون و رشانەوە نەهێڵدرێت وشکبوونەوە رووبدات لە نەخۆشەکەدا."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو نەخۆشانەی گومانیان لێدەکرێت، نموونەی پشکنینەکانیان رەوانەی تاقیگەی ناوەندی بەغدا دەکرێت، دەبێت لەوێوە ئەنجامی پشکنینەکان بگەڕێتەوە، ئەمڕۆ و سبەی ئەنجامی پشکنینی نەخۆشەکان دەگەڕێتەوە."
 
ئەو پزیشکە پێیوایە بوونی پەتای کۆلێرا لەم سەردەمەدا عەیبەیەکی گەورەیە بەسەر سیستمی ئەم وڵاتەوە، "چونکە کۆلێرا تەنیا لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا ماوە."
 
لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزیش دەڵێت، چەند رێکارێکی سەرەتایی و گرنگ هەن دەبێت هاونیشتمانییان رەچاوی بکەن، لەوانە:
 
1- پێویستە ئاو بکوڵێندرێت و دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە.
2- دەستشوشتن پێش و پاش نانخواردن.
3- کوڵاندنی خواردن بەباشی و جوان شۆردنەوەی سەوزە.
4- بەکارنەهێنانی ئاوی بیر (ئەوانەی زۆر قوڵ نین).
5- دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەردانەپۆشراو و سەر عەرەبانە.