رووداو - تەندروستی
هەموومان رۆژانە 24 کاژێرمان هەیە، بەڵام خێرایی ئەو 24 کاژێرە لەلای هەموو کەسێک وەکو یەک نییە و لە دۆخ و ژیانی کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.
نوێترین توێژینەوەی زانکۆی نیڤادا لە لاس ڤێگاس پێشانی دەدات، مێشک کات وەکو خولەک و چرکە نابینێت و هەژماری ناکات، بەڵکو هەژمارکردنەکە پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە کە تێیدایت یان ئەو چالاکییەی دەیکەیت. بە واتایەکی دیکە، دوو چالاکی کە هەمان ماوەی جێبەجێکردنیان هەبێت، دەکرێت هەست بکەیت کات لە یەکێکیان خێراتر لەوەی دیکە دەڕوات.
جەیمس هەیمان، یاریدەدەری پرۆفیسۆر و یەکێک سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: "کاردانەوەمان بۆ کات دەکەوێتەوە سەر ئەو شتانەی ئەزموونیان دەکەین، یان ئەو شتانەی لە دەورمان روودەدەن."
دەشڵێت، "کاتێک ناجووڵێین و دڵتەنگین، کات زۆر هێواش دەڕوات، چونکە ئێمە هیچ ناکەین یان هیچ لە دەورمان روونادات. بە پێچەوانەوە، کاتێک شتی زۆر لە دەورمان روودەدەن، هەر یەکەیان کار لەسەر مێشکمان دەکەن و هەست بە خێرا تێپەڕینی کات دەکەین. بۆیە تاوەکو چالاکیی زیاتر بکەین یان رووداوی زۆر لە دەورمان رووبدەن، کات خێراتر تێدەپەڕێت."
توێژەران پێیانوایە تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی کاتژمێریی بایۆلۆژیی جەستە، رەنگە ببێتەهۆی رێگەکانی باشترکردنی بیرەوەریمان. زاناکان بە زانینی زیاتر دەربارەی میکانیزمەکانی کاتی دیاریکردنی کاتەکانی مێشک، دەیانەوێت تەکنیکەکان پەرەپێبدەن بۆ بەرزکردنەوەی توانای مرۆڤ بۆ بیرهێنانەوەی رووداوەکان و زانیارییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ