پسپۆڕێک: بۆ رێگری لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، بەکارهێنانی مادە پاککەرەوەکان کەمبکرێتەوە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی رایدەگەیەنێت، ئاوی خواردنەوە پیسبێت، دەشێت شێرپەنجە و نەخۆشییە ڤایرۆسییە درێژخایەنەکانی لێبەرهەمبێت و دەڵێت: ''هەر ئاوێک مادەی شل، رەق و گازی تێکەڵ بووبێت، نەخورێتەوە''.
 
ئەمڕۆ شەممە 29ـی حوزەیرانی 2024 د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاو، ئەگەری پیسبوونیشی زیاددەکات کە ئەمەش دەشێت ببێتەهۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی مەترسیداری وەکو ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر و شێرپەنجە.
 
د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی دەڵێت: هەر مادەیەکی 'رەق، شل و گاز' پیسکەرەکانی ئاون و تێکەڵ بە هەر ئاوێکیش بن، ئەوا شیاوی خواردنەوە نامێنێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بە هۆکاری پیسبوونی ئاوی خواردنەوە دەکات و دەڵێت: ''ناڕێکیی لە فڕێدان و زۆریی پاشەڕۆی ماڵ و کارگەکان، ناڕێکیی سیستمی ئاوەڕۆ، پیسبوونی هەوا و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە' دەشێت هۆکاربن بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوە.
 
د. شاهۆ عوسمان ئاماژە بە چەند نەخۆشییەک دەکات کە دەشێت لە رێگەی ئاوی پیسەوە بگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ وەکو؛
 
* کۆلێرا 
* ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر
* نەخۆشییە مشەخۆرییەکان
* گرانەتا 
* شێرپەنجە 
* ژەهراویبوون 
* ڤایرۆسی ئیفلیجیی مێشک
 
پسپۆڕەکەی تەندروستیی گشتی چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لە پیسبوونی ئاو پێشنیاز دەکات وەکو ''کەمکردنەوەی پاککەرەوە کیمیاییەکان، بەکارهێنانی سابوون و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تایت، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دەرمانە قڕکەرەکان لەنێو باخچەی گەڕەکەکان، فڕێدانی رۆنی ئۆتۆمبێل لە شوێنی گونجاو نەک تێکەڵکردنی لەگەڵ پاشەڕۆی ماڵان''.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا رێنوێنیی خانمان دەکات، ''بەکارهێنانی مادە پاککەرەوە کیمییاییەکان کەمبکەنەوە و تایت بەکارنەهێنن، بەڵکو بایەخ بە بەکارهێنانی سابوونی شل بدەن، چونکە ئەو مادە پاککەرەوانە کیمیایین و ئەگەری پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو زیاتردەکەن''.