د. ئارام مەحموود: وازهێنان لە مادەی هۆشبەر لە کوردستان ئاسانترە وەک لە ئەورووپا

29-06-2024
رووداو @Rudawkurdish
د. ئارام مەحموود لە شوێنی کارکردنی
د. ئارام مەحموود لە شوێنی کارکردنی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دیاسپۆرا چیرۆکی پزیشکێکی کوردی سەرکەوتوو لە هۆڵەندا دەگێڕێتەوە کە بووەتە پسپۆڕی چارەسەری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و کحول.
 
د. ئارام مەحموود لە کوردستان پزیشکی نەشتەرگەری بووە، لە هۆڵەندا بووەتە پسپۆڕی چارەسەری ئالوودەبوون، کێشەیەک کە دەمێکە یەخەی وڵاتانی رۆژئاوایی گرتووە و لە کوردستانیش پەیامی باشی لەبارەوە نابیستین. ئەو لە کلینیکێکی گەورە لە هۆڵەندا کار دەکات و ئەزموونێکی زۆری کۆکردووەتەوە. پێیوایە ئەو ئەلکحول و ماددە هۆشبەرانەی لە کوردستان بەکاردێن، زۆر مەترسیدارترن لەوانەی بۆ نموونە لە هۆڵەندا هەن، کەچی وازهێنان لە ئالوودەبوون لە کوردستان بە ئاسانتر دەزانێت وەک لە ئەورووپا.
 
لە دیاسپۆرا پرسیاری ئەوە لەو پسپۆڕە کرا، ئایا دەرمانێک هەیە کەسی ئالوودەبوو بیخوات و رزگاری ببێت؟ ئەویش گوتی، "ئالوودەبوون کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و یاساییە، ئەمیش نەخۆشییە، بەڵام چارەسەرییەکەی درێژخایەنە، واتە کەسێک کە نەخۆش دەکەوێت هەڵامەتێک یان سک ئێشەیەک یان هەر نەخۆشییەکی دیکەی تووش دەبێت، دەچێتە لای پزیشک و دوای وەرگرتنی چارەسەری بە رۆژێک یان هەفتەیەک یان مانگێک چاک دەبێتەوە، بەڵام ئالوودەبوون چارەسەرەکەی رەنگە ساڵێک یان چەند ساڵێک بخایێنێت، جگە لە بەکاربەر، خێزان و کۆمەڵگە و دەسەڵاتیش ئەوەندە ساڵە پێیەوە سەرقاڵ دەبن."
 
ئارام مەحموود تۆفیق، دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە و ماوەی 27 ساڵە لەو وڵاتە دەژی، خەڵکی شاری سلێمانییە لە باشووری کوردستان، لە ساڵی 1985 کۆلێژی پزیشکیی تەواو کردووە، دەڵێت، "بە دەردەسەریی زۆر و فەسڵکردن و سەربازی تێپەڕیوم، دوای راپەڕینی ساڵی 1991 وەکو پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی دەستبەکار بووم، لە ساڵی 1997 بەهۆی هەندێک بارودۆخی کەسی و هەروەها نالەباریی بارودۆخی ئەو کاتی کوردستان رووم کردە هەندەران و هاتمە هۆڵەندا، رێوشوێنەکانی داواکردنی مانەوەی هەمیشەییم دەستپێکرد و هەرچەندە زۆری خایاند، بەڵام دوای وەرگرتنی مافی مانەوە، خێزان و منداڵەکانیشم هێنا و دواتر دەستم بە خوێندن کرد و پاشان بڕوانامە عێراقییەکەم لێرە یەکسان کردەوە، لە مانگی 12ی ساڵی 2007 دەستم بە کارکردن کرد، لە بواری چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی ئالوودەبوون."
 
دکتۆر ئارام زیاتر قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەرەتای ساڵی 2009 دەستم بە خوێندنی باڵا کرد و لە 2011 بڕوانامەی ماستەرم بەدەستهێنا، لە کارەکەم بەردەوام بووم و لەگەڵ ئەوەشدا وەکو پزیشکێک لە رێکخراوی تاکتۆس، کە رێکخراوێکی گەورە و بەتوانایە لە بواری رووبەڕووبوونەوەی ئالوودەبوون، کار دەکەم. هەروەها سەرپەرشتیی ئەو خوێندکارانە دەکەم کە لە نەخۆشییەکانی ئالوودەبوون ماستەر دەخوێنن."
 
دکتۆر ئارام چیرۆکی وەرگرتنی خۆی لە رێکخراوی تاکتۆس بۆ رووداو دەگێڕێتەوەو دەڵێت، "رێکخراوی تاکتۆس نامەیەکیان بۆ ناردووم کە وەکو پزیشکێک بچم بۆ ئەوەی لەگەڵیان کار بکەم، کاتێک رۆیشتم، دوو کەس لەوێ دانیشتبوون بۆئەوەی تێستی من بکەن، جارجار لە نێوان خۆیان قسەیان دەکرد، منیش گوتم ئێوە قومار دەکەن؛ گوتیان واتە چۆن؟ گوتم ئێوە بەدوای پزیشکێکدا دەگەڕێن شارەزایی لەو بوارەدا هەبێت، من لەلایەک شارەزاییم هەیە و پسپۆڕم، لە لایەکی دیکەوە ئێوە پێتان وایە من کوردێکم و لە عێراقەوە هاتووم و لەوانەیە زمانەکەم وانەبێت و ئێوە نازانن لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا کامیان هەڵبژێرن، مەبەستم لە قومارەکە ئەوەیە. پێم گوتن: ئێوە دەتوانن هەلێکم پێبدەن و منیش هەموو تواناکانی خۆم بەکاردەهێنم، ئەوە بوو دوای دوو رۆژ ئاگاداریان کردمەوە کە بچمە ئەوێ، هەلێکم پێدراوە و چووم بۆ ئەوێ و بە هاوکاریی پزیشکێکی هۆڵەندی، کە لەوێ کاری دەکرد، توانیم سەرکەوتوو بم. زۆر شت لەو پزیشکە فێربووم، وای لێکردم لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەوەندە فێر ببم کە توانیم بە تەنیا ئەوێ بەڕێوەببەم و کارەکەم بە باشی بکەم."
 
دکتۆر ئارام لە تاقیگەوە باسی چۆنێتیی پشکنینی ئەو نەخۆشانە دەکات کە چارەسەریان وەرگرتووە و دەڵێت، "دوای ئەوەی نەخۆشەکە چارەسەری وەرگرت، لەم تاقیگەیە لەبەرچاوی پزیشک دەبێت میزەکەی بخاتە ناو قوتوویەک، نەکا نەخۆشەکە میزی کەسێکی دیکە لەگەڵ خۆی بێنێت و بیخاتە نێو قوتووەکە، یاخود ئاوی تێبکات، بۆیە لەبەر چاوی پزیشک میزەکەی دەخاتە نێو قوتووەکە، ئەوانیش بە ژمارە، میزەکەی دەنێرن بۆ تاقیگەی نەخۆشخانە، بەبێ ئاشکراکردنی ناوی نەخۆشەکە، دواتر ئاگادار دەکرێنەوە ئایا بە تەواوی چاکبووەتەوە یاخود نەخۆشەکە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە."
 
بە گوتەی دکتۆر ئارام، "لێرە [لە هۆڵەندا] هەموو کەسێک پزیشکی خێزانی هەیە و کاتێك دەزانرێت یەکێک لە تاکەکانی خێزانەکە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت و لە کۆنترۆڵ دەرچووە، دەچنە لای پزیشکی خێزانەکە و داوای لێدەکرێت رەوانەی یەکێک لە رێکخراوەکانی چارەسەری ئالوودەبوون بکرێت، کاتێک نەخۆشەکە دێتە لای ئێمە؛ دوو پزیشک ماوەی دوو بۆ دوو کاژێر و نیو گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین و دەبێت بزانین کەی دەستیپێکردووە و چەند بەکاردەهێنێت و چ مادەیەک بەکاردەهێنێت، ئایا پێشتر بەکاریهێناوە و دواتر وازی لێهێناوە یاخود ئەمە یەکەمجارە، ئایا کێشەی دەروونی یان کۆمەڵایەتیی هەیە؟ ئایا خێزاندارە یان سینگڵە و چ کارەیە؟ ئایا کێشەی قەرزی هەیە؟ کێشەی لەگەڵ پۆلیسدا هەبووە؟ لەگەڵ چەندین پرسیاری دیکە، هەموو وەڵامەکانی نەخۆشەکە دەکرێن بە راپۆرتێک، دواتر لە هەموو رۆژانی سێشەممە کۆبوونەوەمان هەیە، هەموو پزیشکەکان لە پسپۆڕیی جیاواز گەنگەشەی لەسەر دەکەین، ئیدی ئێمە قۆناخەکانی چارەسەری بۆ دەستنیشان دەکەین، تاوەکو چارەسەری کۆتایی بۆ دەدۆزینەوە و دواتر بە نەخۆشەکە دەڵێن، ئەمە چارەسەرییەکەتە، ئایا رازیت؟ ئینجا نەخۆش واژۆ بۆ وەرگرتنی چارەسەرییەکە بکات و دواتر هەر نەخۆشەکە کەسێک دەستنیشان دەکات لەکاتی پێویست پەیوەندیی پێوە بکەین، چونکە جگە لەو کەسە ئێمە زانیاری لەسەر نەخۆشەکە نادەین بە هیچ کەس و لایەنێک و پارێزراو دەبێت."
 
دکتۆر ئارام دەڵێت، "ئەگەر لە کوردستان دەستبکەین بە چارەسەری کەسانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر، چارەسەرییان زۆر زۆر ئاسانترە وەک لێرە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئەورووپی کۆمەڵگەیەکی تاکە، کاتێک کەسێک بە تەنیا لەنێوان چوار دیواردا دەژی، بێزار دەبێت و بۆ کەمکردنەوەی سترێس و ماندووبوون و شەرم و هەر شتێک کە بۆ کەسەکە ناخۆش بێت، پەنا دەباتە بەر خواردنەوەی کحول و هۆشبەرەکان، ئینجا لەکاتی چارەسەریشدا هەر تەنیایە و زۆر هەوڵدەدەین پشتگیریی خێزانی بۆ دەستبەر بکەین، بەڵام زۆر قورسە، بەڵام لە کوردستان پێچەوانەیە، کۆمەڵگەکەی کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتییە و تووشبوو لە هاوڕێیەک یان کەسێکی نزیکیەوە تووش دەبێت، کاتێک چارەسەری بۆ دەکەین پشتگیریی خێزانیی بەهێزی هەیە؛ دایک، باوک، خوشک و برا و هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرین هاوکاری دەبن، بۆیە چارەسەرییەکەی ئاسانە و رێژەی سەرکەوتن بەرز دەکاتەوە؛ هەروەها نەگەڕانەوەی بۆسەر ماددەکان زۆر کەمتر دەبێتەوە."
 
دەشڵێت، "بەڵام ئالوودەبوون لە کوردستان لەچاو ئێرە زۆر مەترسیدارترە، بەهۆی ئەوەی ئەو ماددە کحولییانەی لە کوردستان دەخورێتەوە، نازانن چۆن دروستکراوە و چ ماددەیەکی تێکراوە، هەندێکیان هەن راستەوخۆ چاو کوێر دەکەن، بازرگانەکانیش لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر گوێ بەوە نادەن بزانن چی تێدایە، بۆیە زۆر ترسناکە."
 
دکتۆر ئارام روونیکردەوە، ئەو ساڵانێکی زۆرە لەو بوارە کار دەکات و بە دەیان ئالوودەبووی بینیوە و دەزانێت بۆچی ئەو کەسانە پەنا دەبەنە بەر ئەو ماددانە، بۆچی بەکاری دەهێنن و کاریگەرییەکەشی دەزانێت، دەشڵێت، "کەسی تووشبوو، خێزانی لەدەستداوە، ماڵی لەدەستداوە، کاری لەدەستداوە، پارەیەکی زۆر قەرزدارە و خێزان و منداڵەکانی لێی دوورکەوتوونەتەوە و باری جەستەیی و دەروونیی رووخاوە و کێشەی زۆری لەگەڵ پۆلیسدا هەیە، کاتێک کەسێک ئەمە دەبینێت، بەسە بۆئەوەی هەرگیز لەو ماددانە نزیک نەبێتەوە و هەرگیز بەکاریان نەهێنێت، چونکە ئاگرێکە ئەگەر تەنیا لێشی نزیک ببیتەوە، دەتسووتێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە