پسپۆڕێک: زۆر بەکارهێنانی کلۆر دەبێتە هۆکارێک بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە

29-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە بە هیچ شێوەیەک خۆیان کلۆر بۆ خاوێنکردنەوەی ئاو بەکارنەهێنن. پسپۆڕێکی کیمیای ئەندامیش دەڵێت، زۆر بەکارهێنانی کلۆر دەبێتە هۆکارێک بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
 
د.عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو ئەمڕۆ شەممە 29ـی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کلۆر بە شێوەی زانستی و دروستی بەکارنەهێندرێت، زۆر مەترسیدارە."
 
ئەو پسپۆڕەی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو گوتی، "کلۆر مادەیەکی باشە و دەستکەوتنی ئاسانە، بەڵام شێوەی بەکارهێنانی گرنگە. بۆ نموونە، دەبێت ئەو ئاوەی کلۆری تێدەکرێت لێڵ نەبێت و رێژەی لێڵییەکەی 90% بنیشێتەوە و پاشان کلۆرەکەی تێبکرێت، چونکە ئەو کلۆرەی تێیدەکرێت لەگەڵ مادە رەقەکان و ئەو مادانەی لێڵییەکە دروست دەکەن یەکدەگرن و دەبنە هۆی نەخۆشی و هەندێک جاریش ئاوەکە ناپاڵێوێت".
 
د.عەبدولموتەلیب دەڵێت: "دەبێت ئەو ئاوەى کلۆرى تێدا بەکاردەهێنرێت سەرەتا پاک بکرێتەوە لە مادەى هیدرۆکاربۆنى، چونکە ئەگەر ئەو مادەیە لە ئاوەکەدا هەبێت لەگەڵ کلۆر یەک دەگرێت و دەبێتە مادەیەکى شێرپەنجەیى".
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات، نابێت هاونیشتمانی "بەهیچ شێوەیەک" کلۆر بکاتە نێو ئاوەوە، چونکە ئەوە کاری فەرمانگەکانی ئاو و پسپۆڕەکانی بوارەکەیە.
 
بە گوتەی عەبدولموتەڵیب رەفعەت، "لە فەرمانگەکانی ئاو بۆ یەک لیتر ئاو دەبێت چوار بۆ پێنج میلیگرام کلۆر بەکاربهێندرێت، کاتێکیش ئاوەکە گەیشتە ماڵان، دەبێت پاشماوەی کلۆرەکە (0.2) تاوەکو (0.5) میلیگرامی لە یەک لیتر ئاودا مابێتەوە، بۆیە ئەوە کاری لایەنی پەیوەندیدارە".
 
پسپۆڕەکەی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر رێژەی کلۆر ستاندارد نەبێت، ئاوەکە خاوێن ناکاتەوە؛ گوتیشی: "ئەگەر کلۆری زیاتر لە ئاودا بێت، ئەوەی بەکاری بهێنێت ژەهراوی دەبێت بە کلۆر، ئەگەر چەند جارێکێش دوووبارە بێتەوە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات".
 
هەر ئەمڕۆ د. خالید محەممەد، پسۆڕی کیمیای ئەندامی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کلۆر بە چەند شێوەیەک بەکار دەهێندرێت، بەشێوەی گاز، رەق و شل، گازێکی ئۆکسێنەرە و توانای کوشتنی قەوزە و کەڕووی هەیە و دژە بەکتریایە و بۆ خاوێنکردنەوەی ئاو بەکار دەهێندرێت، بەڵام زیاتر لە رێژەی پێویست بە کاربهێندرێت دەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن بە تەندروستیی مرۆڤ".
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد: "زیاتر بەکارهێنانی کلۆر لە رێژەی خۆی یان بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی زۆر بە هەر رێژەیەک، کاریگەری دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە، چاو و خانەکانی لەشی مرۆڤ و دەبێتە هۆکارێکیش بۆ تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە".
 
کلۆر یەکێکە لە مادە گرنگەکان کە لە زۆر وڵاتدا بۆ خاوێنکردن یان پاڵاوتنی ئاو بەکار دەهێندرێت، بەڵام بەشێکی وڵاتە پێشکەوتووەکان کلۆریان گۆڕیوە بە مادەی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە