دەرمانێکی ئایدز کە گوماندەکرا کۆرۆنا چارەسەربکات، شکستیهێنا

29-06-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی، دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی کە گوماندەکرا کاریگەریی باشی هەبێت لە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، شکستیهێنا. 
 
دەرمانەکە بە ناوی "lopinavir/ritonavi لۆپینڤیر/ ریتۆناڤی"ـیە و ئەمڕۆ زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد تاقیکردنەوەی ئەو دەرمانەیان لەسەر تووشبووانی کۆرۆنا وەستاند، بە گوتەی ئەوان "لەبەرئەوەبووە کە هیچ سوودێکی بۆیان نەبووە". 
 
دەرمانەکە لە بنەڕەتدا لە دژی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی - ئایدز، بەکاردەهێنرێت کە ڤایرۆسێکە دەبێتە هۆی نەمانی بەرگریی جەستە. 
 
دەرمانی لۆپینڤیر/ ریتۆناڤی لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆڤید - 19، لە دژی ڤایرۆسەکە تاقیکرایەوە، چونکە کارلێک لەگەڵ هەمان ئەنزیمی لەشی مرۆڤدا دەکات کە لە زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەشدارە.
 
پرۆفیسۆر پیتەر هۆربی کە سەرۆکایەتی تاقیکردنەوەی دەرمانەکەی دەکرد، بە لیژنەی زانست و تەکنەلۆژیای ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیای راگەیاند، ئەوان سەیری ئەنجامی تاقیکردنەوەی دەرمانەکەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هیچ کاریگەریێکی نەبووە لە چاککردنەوەی تووشبووانی کۆرۆنادا.
 
لە تاقیکردنەوەکەدا، دەرمانەکە بە سێ کۆمەڵە تووشبوو درابوو: ئەوانەی کە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان، ئەوانەی کە پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە، لەگەڵ ئەوانەی کە بەسووکی تووشی پەتاکە بوون. 
 
ئەنجامی تاقیکردنەوەکە لەگەڵ ئەنجامی بەکارهێنانی هەندێ دەرمانی ئازارشکێن و دژەبایۆتیک بەراوردکراوە و دەرکەوتووە کە هیچ لە رەوشی تووشبووەکان ناگۆڕێت. ئەوەش وادەکات ئەو دەرمانە دژەی ئایدزە لە دوای هایدرۆکسیکلۆرۆکوین ببێتە دووەم دەرمان کە لە تاقیکردنەوەی چارەسەرکردنی کۆرۆنادا شکستبهێنێت. 
 
شکستهێنانی ئەو دەرمانە لە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لەکاتێکدایە ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە جیهان بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر 10 ملیۆن و 344 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. کۆمپانیای بایۆتێکی سانسینۆی چینیش رایگەیاند، ڤاکسینێكی دژەکۆرۆنایان دروستکردووە کە کۆمیسیۆنی ناوەندی سەربازیی چین رێگەیداوە سەربازانی وڵاتەکەی بۆماوەی یەک ساڵ بەکاریبهێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە