تەندروستیی جیهانی هۆشداریدەدات لە زۆریی بەکارهێنەرانی مادە ئالوودەکەرەکان لە ئەورووپا
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی مادە زیانبەخشەکان یاخود مادە ئالوودەکەرەکان وەکو 'کحول، تووتن و جگەرەی ئەلکترۆنی' لە نێو مێردمنداڵان لە ئەورووپا روو لە زیادبوونە و ئەمەش مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر تەندروستیی گشتی.
دکتۆر هانس کلوگ، بەڕێوەبەری ناوچەیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەورووپا دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مێشک بەردەوامە لە گەشەکردن تاوەکو نێوەڕاستی بیستەکانی تەمەن، مێردمنداڵان پێویستە لە کاریگەرییەکانی بەرهەمە ژەهراوی و مەترسیدارەکان بپارێزرێن.
دکتۆر هانس ئاماژە بەوەشدەکات، مێردمنداڵان دەبێت دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی کحول و جگەرە یاخود هەر مادەیەکی دیکەی زیانبەخش کە ببێتەهۆی ئالوودەبوون.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیازی زیادکردنی باج لەسەر ئەم بەرهەمانە دەکات، لەگەڵ قەدەخەکردنی هەر جۆرە رێکلامێک بۆ بەرهەمە زیانبەخشەکان.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کحول زۆرترین مادەی بەکارهێنراوە لە نێو مێردمنداڵاندا، بەجۆرێک زیاتر لە 57%ی منداڵانی تەمەن 15 ساڵان لانیکەم جارێک تاقییانکردووەتەوە.