پسپۆڕێکی دەم و ددان: پێش دانانی تەلی رێککردنەوە، ددانەکان پاکبکرێنەوە

رووداو - تەندروستی 

لە چالاکییەکی پزیشکیی بلو پرێنتی تایبەت بە بواری ددانسازی، پسپۆڕێکی دەم و ددان رایدەگەیێنێت، مەرج نییە چارەسەری رێککردنەوەی ددانەکان بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت و بەگوێرەی حاڵەتەکە ماوەی چارەسەرەکە دەگۆڕێت. 
 
دکتۆر ئەنوەر ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان بە رووداوی راگەیاند، ''ئامێری رێککردنەوەی ددان 'تەلی ددان' بەکاردێت بۆ ریزکردنەوەی ددان و کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان ددانەکان''، هەروەها دەشڵێت: شێواز و جۆری بەکارهێنانی بەگوێرەی چارەخوازەکە دەگۆڕێت. 
 
دکتۆر ئەنوەر روونی دەکاتەوە، دانانی ''تەلی رێککردنەوەی ددانەکان'' بۆ هەموو تەمەنێک و لە هەموو کاتێکدا ناگونجێت، بەتایبەت لەو کەسانەی کە نەخۆشیی پووکیان هەیە یاخود نەخۆشیی ئێسکیان هەیە.  
 
لە بارەی ئەو پاشهاتانەی کە چارەخواز لەماوەی چارەسەرەکە تووشی دەبێت پسپۆڕەکە دەڵێت: هەندێک جار رەگی ددانەکە کورت دەبێتەوە و تووشی داخوران دەبێت، هەروەها ناخاوێنیی ددانەکان دەشێت پاشهاتەکان قورستر بکات و کێشە بۆ چارەخواز دروستبکات.   
 
بە گوتەی دکتۆر ئەنوەر ئەحمەد، ماوەی مانەوەی تەلی ددان پشت بە جۆری کێشەکە دەبەستێت و بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی دوو ساڵ دەخایێنێت. ئاشکراشی دەکات، ئەگەر بەشی دووەمی چارەسەرەکە کە جێگیرکردنی ددانەکانە بەڕێکی نەکرێت، ئەوا چارەسەرەکە هیچ دەرئەنجامێکی نابێت. 
 
پسپۆڕەکەی دەم و ددان رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە پێش بەکارهێنانی چارەسەری رێککردنەوەی ددانەکان، لەلای پزیشکێکی پسپۆر ددانەکانیان پاکبکەنەوە و لە ماوەی چارەسەرەکەدا بایەخ بە پاکوخاوێنیی ددانەکان بدرێت. 
 
دکتۆر سەعید بناڤی، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ددان - لقی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی چالاکییە زانستییەکان؛ پتەوکردنی پەیوەندیی و لێکتێگەیشتنی زیاترە لە نێوان پزیشکانی پسپۆڕ و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستیانە لە بوارەکەی خۆیاندا. 
 
رۆژی هەیینی 28-4-2023 چالاکیی زانستیی بلوپرێنتی تایبەت بە ددانسازی لە دهۆک بەڕێوەچوو و دکتۆر زەردەشت برادۆستی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان و سەرپەرشتیاری چالاکییەکە گوتی، پزیشکانی دەم و ددان لە دهۆک زانستدۆستن و هەربۆیە بە هاوبەشیی هەردوولا چالاکیی ئەمجارەمان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
 
هەروەها راشیگەیاند، ئەم جۆرە چالاکی و کۆنفرانسانە سوودی راستەوخۆی لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، چونکە کۆمەڵێک وانەبێژی بەئەزموون رێنوێنی و نوێترین زانیارییەکانی خۆیان بە پزیشکان و کەسانی پسپۆڕ دەگەیێنن کە لە رێگەیانەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بەکاری دەهێنن.