ئارایشتکارێک: کەرەستەکانی ئارایشت بۆ خۆم بەکارناهێنم، چونکە دەزانم چەند مەترسیدارن

رووداو - تەندروستی 

رووداو لە کوالێتیی خاوێنکردنەوەی کەرەستەکانی جوانکاریی ئارایشتگەکان دەکۆڵێتەوە و ئارایشتکارێک دەڵێت: زۆرینەی ئارایشتگەکان کەلوپەلەکانیان پاکژناکەنەوە و کەرەستەکانی جوانکاریی دەستەکان وەک پێویست خاوێن ناکرێنەوە.
 
ئارایشتگەکان دەتوانن نەک جوانی، بەڵکو تەندروستیی مرۆڤیش بخەنە مەترسییەوە، بەجۆرێک ببنەهۆی گواستنەوەی چەندان نەخۆشیی درێژخایێن.
 
لیلیا میراوتسا، پەیامنێری رووداو لە پاکوخاوێنیی ئارایشتگەکانی کۆڵیوەتەوە و کارمەندێکی ئارایشتگەی دواندووە کە 12 ساڵە کاری جوانکاریی نینۆک دەکات و پێنج ساڵە لە هەرێمی کوردستانە، ئەو دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لەو  ئارایشتگەیانەی لە هەولێر کاری تێداکردوون، پاککردنەوەی پێویست بۆ کەلوپەلەکانیان نەبووە.
 
ئەو کارمەندەی ئارایشتگە دەڵێت: "مقەستی ئارایشتگەکەمان بۆ خۆم بەکارناهێنم، چونکە دەزانم چۆن پاککراونەتەوە".
 
د. هەردی جەواد، پسپۆری نەخۆشییەکانی خوێن باسی ئەو مادانە دەکات کە بۆ پاکژکردنەوە ''تەعقیمکردن'' لە ئارایشتگەکاندا بەکاردەهێنرێن و دەڵێت: ''وەکو چۆن ئامێری نەشتەرگەری تەعقیمدەکرێت پێویستە کەلوپەلەکانی ئارایشتگەکانیش تەعقیمبکرێن، بەم شێوەیە مرۆڤ دڵنیا دەبێت کە ئەو ئامێرە کە جاری دووەم بەکاردێت سەد لە سەد خاوێنە و نابێتەهۆی گواستنەوەی نەخۆشی''.
 
سۆزان عوسمان، خاوەنی ئارایشتگەیەکە و دەڵێت: لە بواری مانیکیور ئەگەری برینداربوونی پێستی مرۆڤ زۆر زۆرە، چونکە ئامێری تیژ بەکاردێت. 
 
سۆزان عوسمان دەشڵێت: لیژنەکانی تەندروستی کاتێک سەردانیان دەکەن، گوێ بە ئامێری پاککردنەوە و پاکژکردنی کەرەستەکان نادەن، بەڵکو تەنیا پاکوخاوێنیی شوێنەکە و بەڵگەنامەی کارمەندان دەپشکنن.
 
لە بارەی پاککردنەوە ''تەعقیمکردن''ـی کەلوپەل و کەرەستەکانی جوانکاری، سەرەتا کەلوپەلەکان مادەیەکی تایبەتیان لێدەدرێت و بۆماوەی 40 خولەک دادەنرێن، پاشان بە ئاو و فڵچە دەشۆردرێن و وشکدەکرێنەوە، دوای ئەوە دەخرێنە نێو کیسی تایبەتەوە و کاژێرێک لە پلەی گەرمیی 135 پلەی سیلیزی لەنێو ئۆتۆکلەیڤ دادەنرێن.
 
لەم بارەیەوە پسپۆڕێکی خانمان و منداڵبوون لە بوولتەنی تەندروستیی رۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2024 گوتی، بەشێک لەو ئامێرانەی کە بەکاردەهێندرێن بۆ بابەتی جوانکاری لە ئارایشتگەکاندا دەکرێت پێست بریندار بکەن، بەمەش ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و نەخۆشییەکانی خوێن زیاددەبێت.
 
د. شایان جەلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و نەزۆکی رایگەیاند، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی وەکو هەوکردنی جگەر جۆری بی و سی، هەروەها نەخۆشیی ئەیدز بەربڵاوترین ئەو نەخۆشییانەن کە لەنێو ئارایشتگەکاندا دەگوازرێنەوە.
 
د. شایان هۆشیاریدەدات و دەڵێت: ئەو دەرزی و ئامێرانەی لە بواری جوانکاریدا بەکاردەهێندرێن پێویستە یەکجار بەکاربێن یاخود دوای بەکارهێنان بە ئامێری تایبەت لە پلەی گەرمیی بەرزدا پاکبکرێنەوە.
 
لە بارەی خانمانی دووگیانەوە پسپۆڕەکەی خانمان گوتی، لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا بەهیچ شێوەیەک کەلوپەلەکانی جوانکاری و مادە کیمیاییەکانی قژ بۆیە کردن بەکارنەهێنن، چونکە دەکرێت زیان بە کۆرپەلەکەیان بگەیێنن.