لە کەنەدا ئەپلیکەیشنێک بۆ بیرهێنانەوەی رووداوەکان دروستدەکرێت

30-01-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە کەنەدا کاردەکات لەسەر ئەپلیکەیشنێک بۆ بەهێزکردنی یادگە و زیادکردنی توانای مانەوەی زانیارییەکان، توێژەرانی زانکۆکە رایدەگەیێنن، ئەپلیکەیشنەکە دەتوانێت رووداوەکان بە دەنگ، وێنە، ڤیدیۆ و نوسین بە بیر بەکارهێنەران بخاتەوە، بەمەبەستی پاراستنیان لە یادگەی درێژخایەن. 
 
توێژەرانی زانکۆی تۆرێنتۆ لە کەنەدا دەریدەخەن، بەهۆی هەڵچوونی تەمەنەوە بیرهاتنەوەی زانیارییەکان خاوتردەبێتەوە و لە هەندێک کەس نیشانەکانی هاوشێوەی ئەلزەهایمەر سەرهەڵدەدەن، بەڵام ئەپلیکەیشنێکی تایبەت دەتوانێت رێگریبکات لە لەبیرچوونەوەی رووداوەکان، بەجۆرێک بەکارهێنەری ئەپەکە دەتوانن هەر رووداوێکیان بوێت تۆماری بکەن و دواتر ئەپەکە خودکارانە چەندجارێک بەڕێگەی جیاواز پێشانی کەسەکەی دەداتەوە.
 
لە توێژینەوەکەدا بەکارهێنەرانی ئەپلیکەیشنەکە لەماوەی دوو هەفتەدا 56٪ـی توانای یادگەیان بەهێزتردەبوو، هاوکات ئەوانەی 70 رۆژ ئەپلیکەیشنەکەیان بەکاردەهێنا نزیکەی 84٪ـی رووداو و زانیارییەکانیان بیردەهاتەوە.
 
پڕۆفیسۆر مۆرگان بارێنس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی تۆرێنتۆ رایدەگەیێنێت، ئەپلیکەیشنەکە بە پشتبەستن بە تەکنیکی هاوشێوەی بەشی بیرکردنەوە و ئەزبەرکردنی زانیارییەکانی مێشک کاردەکات کە یەکێک لەو تەکنیکانە بریتییە لە دووبارەکردنەوەی زانیارییەکان بە شێوەی جیاواز تاوەکو بچنە یادگەی درێژخایەن.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لەبارەی ئەپلیکەیشنەکەوە دەڵێت: دوبارەکردنەوە و بەبیرهاتنەوەی زانیارییەکان، وا لە کەسەکە دەکات یادەوەرییەکانی لە یادگەی درێژخایەندا جێگیربکات و هانی بەشی بەرپرس لە ئەزبەرکردنی یادەوەرییەکانی مێشکی بدات زیاتر چالاکبێت.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، سیستمی ئەپلیکەیشنەکە کار لەسەر دووبارە بیرهاتنەوەی رووداوە تۆمارکراوەکان دەکات بە شێوەی وێنە، ڤیدیۆ، نووسراو و دەنگ، هاوکات راشیدەگەیێنێت، هێشتا ئەپەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەساڵاچووان و ئەوانەی دووچاری جەڵتەی مێشک بوونەتەوە سوودمەندی یەکەم دەبن لە بەکارهێنانی ئەپەکە.
 
بە سەرپەرشتیارانی ئەپەکە رایدەگەیێنن، ئەپەکە بە ناوی هایپۆکامێرا 'hippocamera'یە و بۆ سیستمی ئای ئۆ ئێس بەردەستدەبێت، بەکارهێنەران دەتوانن لە ئایندەیەکی نزیکدا سوودی لێوەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە