پسپۆڕێکی تیشک لە ئەمریکا: هۆکاری هەموو ئازارێکی مەمک شێرپەنجە نییە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی پشکنینە تیشکییەکان لە ئەمریکا چەند هۆکارێکی ئازاری مەمک رووندەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هەموو ئازارێکی مەمک مەترسیدار نییە و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.
 
دکتۆر ئالیسۆن چێتلین، پسپۆڕی تیشک لە ناوەندی شێرپەنجەی ویلایەتی پێن لە ئەمریکا دەڵێت: ''ناڕێکیی هۆرمۆنەکان و سووڕی مانگانە یاخود هەوکردنی جومگەی ئێسکی سینگ دەشێت هۆکاربن بۆ ئازاری مەمک''، هاوکات دەشڵێت: بەکارهێنانی پەستانێکی گەرم یاخود کەمێک شێلان ئازارەکە کەمدەکاتەوە. 
 
دکتۆر ئالیسۆن روونیدەکاتەوە، ئازاری مەمک لە هەردوو رەگەزەکەدا دروستدەبێت و هۆکاری جیاوازی هەیە، هەروەها روونیدەکاتەوە، هەندێک ئازار بەهۆی گرێی ناشێرپەنجەییەوە دروستدەبن کە مەترسیدارنین و دەتواندرێت بە نەشتەرگەری لاببرێن و چارەسەربکرێن. 
 
بەگوتەی پسپۆڕەکەی تیشک، ئازاری مەمک لە پیاواندا هۆکارەکەی بۆ تێکچوونی هۆرمۆنەکان و رژێنەکانی مەمک دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک بەهۆی ناڕێکیی لە هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و تێستۆستیڕۆن، ژمارەی رژێنەکانی مەمک زیاددەبن و چالاکتر دەبن. 
 
لە کۆتاییدا دکتۆر ئالیسۆن رێنوێنی هاووڵاتییان دەکات، لەکاتی بوونی ئازاری بەردەوام و بێزارکەر یاخود بینینی نیشانەی ئاوسان و سووربوونەوەی مەمک پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەن و دڵنیاببنەوە لە سەرچاوە و هۆکاری دروستبوونی ئازارەکە.