پسپۆڕێک: گۆڕانەکانی کەشوهەوا هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێ
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی رایدەگەیێنێت، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پەیدابوونی پەتاکان، بەڵام دەڵێت: پێشبینیی بڵاوبوونەوەی پەتا لە ساڵی داهاتوودا لە رووی زانستییەوە نەسەلمێندراوە.
ئەمڕۆ شەممە 28-12-2024 د. سەنگەر جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی بە رووداوی راگەیاند، شەڕ دەکرێت ئەگەرێک بێت بۆ بڵاوبوونەوەی پەتا، چونکە بەهۆیەوە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ئاستی پێویستدا نابن، بەتایبەت وەرگرتنی ڤاکسین؛ ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
د. سەنگەر جاف دەڵێت: پێویستە لەسەر میدیاکان و کەسانی بەرپرس پەیام و ئامانجەکانیان تۆقاندنی خەڵکی نەبێت و بایەخی زیاتر بە هۆشیارکردنەوە و باشترکردنی لایەنە لاوازەکانی پێشگیریکردن لە پەتاکان بکرێن.
ئەو پسپۆڕە بەشێک لە پێشگیرییەکان لە پەتاکان رووندەکاتەوە بەجۆرێک کوتان رێگەی سەرەکییە و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست رێگەیەکی دیکەیە.