رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ڤێتێرنەری و شارەزا لە بواری پەلەوەرزانی ئاشکرای دەکات، زۆربوونی پەلەوەرە هاوردەکراوەکان و نەکردنی ڤاکسین بۆ پەلەوەرەکان هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی نیوکاسڵن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2024 د. چرپە عومەر، پزیشکی ڤێتێرنێری بە رووداوی راگەیاند، "ئەم نەخۆشیی نیوکاسڵە زۆر کوشندەیە، هەموو باڵندەیەک تووشی دەبن، تەنیا پێشگیری لێی ڤاکسینە، کە نایەڵێت تووشبێت، گەر تووشیش ببێت نایەڵێت زیانەکەی زۆر بێت."
بە گوتەی د. چرپە عومەر، ڤایرۆسەکە دەکرێت لەڕێگەی هەناسەدانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە بەتایبەت ئەوانەی کە لە پەلەوەرخانەکان کاردەکەن، بەڵام بە دەگمەن و ئەگەریش تووشی مرۆڤ ببێت ئەوا وەکو هەڵامەت دەیگرێت.
د. چرپە نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەسەر مریشک باسدەکات وەکو؛
- لە مریشکی پەلەوەرخانە؛ لاربوون و خواربوونەوەی مل، لەپێکەوتن و لەکاتی مرداربوونەوەی قاچی بۆ دواوەیە.
- لە مریشکی ماڵان؛ ملی دەسووڕێت، ملی دەلەرزێت و پاشەڕۆکەی شل و سەوزێکی درەوشاوە دەبێت.
لە کۆتاییدا ئەو پزیشکە ڤێتێرنەرییە باسی ڤاکسینەکە دەکات و دەڵێت: ''ڤاکسین بەردەستە و بۆ مریشکی ماڵان سێ مانگ جارێک و بۆ مریشکی پەلەوەرخانەکان لە تەمەنی یەکەم رۆژدا لێیان دەدرێت و پێویست بە دووبارە کردنەوە ناکاتەوە''.
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، "نەخۆشیی نیوکاسڵ لەنێو بەشێک لە پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی مرداربوونی مریشک." راپۆرتێک ببینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ