پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی هەموو شتێک لەسەر قڵیشی کۆم ئاشکرادەکات

28-11-2024
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتیی رایدەگەیێنێت، زۆرینەی ئەوانەی تووشی قڵیشی کۆم دەبن، کەسانی تەمەن 15بۆ 40 ساڵن و نوێترین چارەسەریش بۆ ئەو کێشەیە بەردەستە لە هەرێمی کوردستان.
 
د. دالیا تارق، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە سلێمانی بە رووداوی گوت، چەند دەستنیشانکردنەکەی لەلای پزیشک زووتر بکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکە ئاسانتر دەبێت.
 
بە گوتەی د. دالیا تارق، زۆرینەی ئەوانەی تووشی ماکە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە بوون، درەنگ چوونەتە لای پزیشک و درەنگ دەستنیشانکراون.
 
دەقی وەڵامەکانی د. دالیا تارق لەبارەی قڵیشی کۆم و جیاوازیی لەگەڵ مایەسیری؛
 
رووداو: قڵیشی کۆم چییە و نیشانەکانی چین؟
 
د. دالیا تارق: قڵیشی کۆم برینێکە لە دەرەوەی دەرچەی کۆم دروستدەبێت و نیشانەکانی 'ئازاری کۆم، خورانی کۆم و خوێنبەربوونە لە رێگەی کۆمەوە'.
 
رووداو: لە چ تەمەنێکدا زیاتر کەسێک تووشی دەبێت و لە چ رەگەزێکدا زۆرە؟
 
د. دالیا تارق: لە هەموو تەمەنێک و رەگەزێکدا ئەگەری تووشبوون هەیە، بەڵام زیاتر کەسانی تەمەن 15بۆ 40 ساڵی تووشیان دەبێت.
 
رووداو: هۆکار چییە کەسێک تووشی دەبێت و کێن ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زۆرە؟
 
د. دالیا تارق: هۆکارەکان دەشێت ئامانە بن؛ 
 
- هۆکاری سەرەکیی قەبزبوونی بەردەوام
- سکچوون 
- دوای منداڵبوونی سرووشتی
- هەوکردنی ریخۆڵەی درێژخایەن
 
رووداو: ئەو چارەسەرییانە چین کە پێویستە نەخۆش بیکات بۆ ئەوەی نیشانەکانی کەمتر ببێتەوە؟ 
 
د. دالیا تارق: هەم دەرمان و هەمیش چارەسەر بە نەشتەرگەری هەن، بە نەشتەرگەرییەکە واتە چارەسەر بە لێزەر و تازەترین رێگەی چارەسەرە، بەپێی دۆخی نەخۆشەکە، هەندێکجار راستەوخۆ پێویستی بە نەشەرگەری هەیە.
 
رووداو: رێگەکانی پێشگیریکردن لێی چین؟ 
 
د. دالیا تارق: باشترین رێگەکان ئەمانەن؛
 
- خواردنەوەی شلەمەنییەکەی زۆر
- خواردنی سەوزە و میوەی رۆژانە
- وەرزش کردن و جووڵەی رۆژانە
 
رووداو: ئایا قڵیشی کۆم چ جیاوازییەکی لەگەڵ مایەسیریدا هەیە؟
 
د. دالیا تارق: مایەسیری کۆمەڵێک مولوولەی خوێنی نێو کۆمە کە دەئاوسێن و گەورەدەبن، بەمەش نەخۆشەکە تووشی ئازار و خوێنبەربوون لەڕێگەی کۆمەوە دەبێت، نیشانەکانی لەوانەیە وەکو قڵیشی کۆم بێت، بەڵام بە بینینی پزیشک دەزاندرێت کە ئەوە قڵیشی کۆمە یاخود مایەسیرییە.
 
رووداو: ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەی کە نەخۆش تووشی دەبێت بەهۆی درەنگ چوونە لای پزیشك چین و کەیسی لەو شێوەیەتان هەبووە؟
 
د. دالیا تارق: نەخۆش زۆر گرنگە کە بزانێت هیچ ترس و شەرمێکی ناوێت و چەند دەستنیشانکردنەکە لەلای پزیشک زووتر بکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکە ئاسانتر دەبێت، چونکە رۆژانە نەخۆش دەبینین کە بەهۆی درەنگهاتنی بۆ لای پزیشک، نیشانەکانی خراپتر و چارەسەرەکانیشی ئەستەمتر بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانمێک لەکاتی کتێبخوێندنەوە هەستی بە بێزاری کردووە. وێنە: Human Factor Health

رەنگە بێهێزی و وەڕەسیی بەردەوامت هی کەمیی ئەم سێ ڤیتامینە بێت

توێژینەوەیەکی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا دەریخستووە، 13.5٪ـی ئەمریکییەکان رۆژانە هەست بە بێهێزی و وەڕەسیی بەردەوام دەکەن کە خانمانی 18 بۆ 44 ساڵان زۆرترینیان بوون.