پسپۆڕێک: پێویست بوو چەندین پرسیاری دیکەی تەندروستی لەنێو 70 پرسیارەکەی سەرژمێری بوونایە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی ئاشکرای دەکات، پرسیارە تەندروستییەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەن کار لەسەر چارەسەرکردنیان بکرێت، بەڵام چەندین پرسیاری دیکەی تەندروستیش پێویست بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2024 د. خالید ئەنوەر، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە سلێمانییەوە بە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، ئەو پرسیارە تەندروستییانەی پێویست بوو لەنێو 70 پرسیارەکەدا هەبن لە بواری دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە حکومییەکان و کێشە دەروونییەکان بوایە، یاخود پرسیار لەسەر نەخۆشییەکانی پێست و بوارە ژینگەییەکان بکرایە.
د. خالید ئەنوەر دەڵێت: مەبەست لە بەشێکی ئەو پرسیارە تەندروستییانەی لەکاتی سەرژمێریدا دەکرێن، ئەوەیە کە لە تەمەنێکی کەمدا دەستنیشانی کێشە تەندروستییەکانی نێو کۆمەڵگە بکرێت، دەشڵێت: چۆنیەتیی کارکردن لەسەر کێشەکان و چارەسەریان ئامانجەکەیە.
هۆکاری مردن یەکێکە لە پرسیارە تەندروستییەکانی سەرژمێری، پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، مەبەست لەوەیە رێگری لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بکرێت و پێویستە بایەخی زیاتریش بدرێت بە تەندروستیی گشتی بۆ خۆپاراستن و پێشگیری لە نەخۆشییەکان.
پرسیارە تەندروستییەکانی نێو 70 پرسیارەکەی سەرژمێری بۆ ئەم مەبەستانەن؛
ئاستەنگی لە بینین
ئاستەنگی لە بیستن
ئاستەنگی لە رێکردن
ئاستەنگی لە پەیوەندی دروستکردن
ئاستەنگی لە بیرهێنانەوە یان تەرکیزکردن
ئاستەنگی لە توانای بەرزکردنەوە
ئاستەنگی لە دەست و پەنجەکان
ئاستەنگی لە چاودێریکردن