توێژینەوەیەکی ئوستڕالی: وەرزش کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەری شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

28-11-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

زانکۆی ئیدیت کاوان لە ئوستڕالیا رایدەگەیێنێت، وەرزش و چالاکیی جەستەیی دەتوانن کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرییە تیشکییەکان بۆ شێرپەنجەی مەمک کەمبکەنەوە و شێوازی ژیانی تووشبووان باشتر بکەن.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری شێرپەنجەی مەمک بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، وەرزش و چالاکیی جەستەیی دوای وەرگرتنی چارەسەری تیشک بۆ شێرپەنجەی مەمک، دەتوانن ماندوویێتی و شێوازی ژیانی تووشبووان باشتر بکەن و کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرەکە کەمبکەنەوە.
 
لە توێژینەوەکەدا 89 خانمی تووشبووی شیرپەنجەی مەمک بەشداربوون و کران بە دوو کۆمەڵە؛ کۆمەڵەیەک رۆژانە نیو کاژێر بۆ ماوەی سێ مانگ وەرزشیان دەکرد، کۆمەڵەکەی دیکە هیچ چالاکییەکیان نەدەکرد، سەرەنجام دەرکەوت ئەوانەی دوای وەرگرتنی چارەسەری تیشک، وەرزشی رۆژانەیان دەکرد بەروارد بەو گرووپەی وەرزشیان نەدەکرد، خێراتر لە لاوازی ماسوولکەکانیان چاکدەبوونەوە.
 
دکتۆر جۆرجیۆس ماڤرۆپالیس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە بەشی زانستی پزیشکی و تەندروستی دەڵێت: ''بە درێژایی ماوەی توێژینەوەکە، شێوازی وەرزشەکە دەگۆڕا، بەڵام باشترین ئاستی وەرزش ئەوەیە کە رێنماییە جیهانییەکان پێشنیازی دەکەن.'' 
 
دکتۆر جۆرجیۆس ئەوەش رووندەکاتەوە، وەرزشی دوای وەرگرتنی چارەسەرە تیشکییەکانی شێرپەنجە، نەک تەنیا بێهێزیی جەستە کەمدەکاتەوە، بەڵکو شێوازی ژیانیش باشتر دەکات.
 
پرۆفیسۆر رۆن نیوتۆن، پسپۆڕی چارەسەری سرووشتی دەڵێت: ''توێژینەوەکە سەلماندویێتی کە وەرزش و جووڵەی جەستەیی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دوای وەرگرتنی چارەسەری تیشک، تەندروست و سەلامەتە.''
 
هەروەها توێژینەوەکانی رابردوو ئەوەیان سەلماندووە، چالاکییە جەستەییەکانی رۆژانە دەتوانن ئەگەری تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بە رێژەی  15٪ شێرپەنجەی میزڵدان، 21٪ شێرپەنجەی مەمک، 19٪ شێرپەنجەی کۆلۆن و 20٪ شێرپەنجەی گەدە کەمبکەنەوە.
 
دەزگەی رێنماییە نیشتمانییەکانی ئوستڕالیا بۆ شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، تووشبووانی شێرپەنجە بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک، پێویستە لە پێنج رۆژی هەفتەیەکدا بۆ ماوەی 30 خولەک چالاکیی جەستەییان هەبێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی ژیان دوای شێرپەنجەی مەمک، لە ئوسترالیا لە هەشت خانم یەکێک و لە 833 پیاو یەکێکیان تووشبووی شیرپەنجەی مەمکە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.