زانکۆی کارۆلینسکا: کێشی جەستە لە تەمەنی منداڵی کاریگەری لەسەر کارکردنی سییەکان دەبێت

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کارۆلینسکا لە سوێد دەریدەخات، پێوانەی بارستایی جەستە لە تەمەنی منداڵی دەرخەری توانای کارکردنی سییەکان دەبێت لە داهاتوو. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەرزیی یاخود نزمیی پێوانەی بارستایی جەستە BMI دەتوانێت پەیوەندی هەبێت بە خراپ کارکردنی سییەکان، بەڵام ئەگەر ئەم پێوانەیە ئاسایی بکرێتەوە پێش ئەوەی منداڵەکە بگاتە تەمەنی پێگەیشتن ئەوا دەتوانرێت تێکچوونەکە چارەسەربکرێت.
 
جێنی هاڵبێرگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەمە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چەندە گرنگە گەشەی منداڵان لە سەرەتای ژیان و لە سەرەتای ساڵانی خوێندن و نێوجەوانیدا باشتر بکرێت."
 
بە گوێرەی توێژینەوەکە، نائاسایی کێش و باڵا لە تەمەنی منداڵی، گەشەی سییەکان کەمدەکاتەوە و لە تەمەنی گەورەییدا ناتوانرێت زۆرترین توانای سییەکان بەدەستبهێندرێت، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکانی وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، نەخۆشییەکانی سییەکان و شەکرە زیاددەکات.