زانکۆی گرۆنینگن: دەرمانی کێشدابەزاندن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی گرۆنینگن لە هۆڵەندا دەریدەخات، دەرمانی کێشدابەزاندن 'سیماگلوتاید' مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە لە کەسانی قەڵەو کەمدەکاتەوە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، لە پشکنینی میز دەرکەوتووە بەکارهێنانی دەرمانی سیماگلوتاید دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەخۆشییەکانی گورچیلە بەڕێژەی 52٪، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی گورچیلە بەڕێژەی 30٪ کەمتردەکاتەوە.
 
هیدۆ هیرسپینک، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، ''دەرمانەکە کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر گورچیلە هەیە، شانەکانی چەوری دەوروبەری گورچیلە کەمدەکاتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی پڕۆتین لە میز''.
 
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا. دەرمانەکانی کێشدابەزاندن سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهاتن و ئێستا بە ئەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشیی شەکرە و دڵیان هەیە و قەڵەون. 
 
بەپێی NHS، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزشکردن، هەروەها پێویستە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربهێندرێن.