د. سەباح هەورامی: داوا لە خانمان دەکەم شەش مانگ جارێک پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بکەن

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، خانمان پێویستە شەش مانگ جارێک یاخود ساڵی جارێک پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک و پیاوانیش پشکنینی شێرپەنجەی کۆڵۆن بکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای دەکات، ئەگەر ساڵانە خانمان پشکنین بکەن، ئەوا لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا شێرپەنجەکەیان دەستنیشاندەکرێت ئەمەش ئەگەری رزگاربوون و چارەسەرکردنیان لە شێرپەنجەکە زیاددەکات.
 
لەبارەی ئەو پزیشکانەی بەهۆی نەبوونی مووچەوە بایکۆت دەکەن گوتی، هەر پزیشکێک لەکاتی نەبوونی مووچە دەوام بەجێبهێڵێت و بچێتە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەوام بکات، زۆر بە تووندی سزادەدرێت.
 
هەروەها دەڵێت: پیشەی پزیشکی کارێکی مرۆڤایەتییە و ناکرێت بەهۆی پارەوە ژیانی نەخۆش پشتگوێبخرێت و پزیشکان دەوام نەکەن.