ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە ئەمریکا: مادە قڕکەرەکانی کشتوکاڵ بۆ خانمانی دووگیان مەترسیدارن

رووداو - تەندروستی 

ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە ئەمریکا ئاشكرای دەکات، ئەو مادە قڕکەرانەی لەسەر سەوزە و میوەکاندا هەن، دەشێت لەکاتی خواردنیان زیان بە خانمانی دووگیان و کۆرپەلەکانیان بگەیێنن.
 
بەپێی ئاژانسەکە، ئەگەر خانمێک ئەو بەروبوومانە بخوات کە لە خانووە پلاستیکییەکاندا گەشەیان پێدەدرێت کە قڕکەری زۆریان بۆ بەکاردەهێندرێت، ئەوا ئەگەری لەبارچوون و تووشبوون بە نەخۆشییە سکماکییەکانی کۆرپەلە زیاددەبێت.
 
لە توێژینەوەیەکی ئاژانسی پاراستنی ژینگە لە ئەمریکا، هۆشداری دەدرێتە خانمانی دووگیان بەوەی کە سەوزە و میوەی فرێش بخۆن، چونکە بەشێک لەو بەرهەمانە دەشێت قڕکەری وای بۆ بەکاربێت کە زۆر بمێنێتەوە و بە شووشتنەوەی سەوزە و میوەکەش نەڕوات.
 
ناوەندی نیشتمانیی زانیاریی قڕکەرەکان لە ئەمریکا دەڵێت، بەرکەوتن بە هیچ بڕێکی قڕکەر سەلامەت نییە و دەشێت کاریگەریی جۆراوجۆری هەبێت لەسەر تەندروستی و دەروونی مرۆڤ.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەکرێت مادە قڕکەرەکان بە شێوەیەکی کورتخایەن ببنەهۆی؛
 
* تووشبوون بە هەستیاری وەکو 'کۆکە، زوورانەوەی قوڕگ و لووت، سووربوونەوە و ئاوسانی چاو و فرمێسک'
* هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە
* سکچوون و رشانەوە
* سەرئێشە و بێهێزی
* لاوازیی بەرگریی جەستە
* بێهۆشبوون
* فێ
 
بەڵام ژەهراویبوونی درێژخایەن ئەوەیە کەسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرکەوتنی هەبووبێت بە دەرمانە قڕکەرەکان، کە ئەوەش رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییانە:
 
- تووشبوون بە نیشانەکانی لەبیرچوونەوە
- هەناسەتەنگیی بەردەوام (رەبۆ)
- نەزۆکی
- لاوازیی سێکسی
- خەمۆکی
- ناڕێکیی هۆرمۆنەکان
- شێرپەنجە {شێرپەنجەی خوێن، مەمک، مێشک، گون و لیمفەگرێیەکان}