رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی سەنتەری دڵ لە زانکۆی هامبۆرگ لە ئەڵمانیا دەریدەخات، وەرزشکردنی جەستەیی تووند بۆ ماوەی نزیکەی 150 خولەک لە هەفتەیەکدا مەترسیی تووشبوون بە زیاتر لە 200 نەخۆشی کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەوانەی لە کۆتایی هەفتەدا وەرزشێکی تووند دەکەن هەمان سوودە تەندروستییەکان بەدەستدەهێنن وەکو ئەو کەسانەی کە بە درێژایی هەفتە چالاک دەمێننەوە.
لەم توێژینەوەیەدا 90 هەزار کەس بەشداریان کردووە و دەرکەوتووە، ئەوانەی 150 خولەک وەرزشی تووند دابەشدەکەن بەسەر شەش رۆژی هەفتە و ئەوانەشی لە ماوەی یەک یاخود دوو رۆژ وەرزشەکە ئەنجامدەدەن هەمان سوودی تەندروستی وەردەگرن.
د. جۆن باهادرانی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەگەر ئەو ماوە وەرزشە تووندە دابەشبکەیت بەسەر تەواوی هەفتەکە گونجاوترە، بەڵام دەبێت بزاندرێت ئەگەر هەموو وەرزشەکەش لە یەک رۆژ کۆبکرێتەوە ئەوا هەر سوودی لێدەبیندرێت''.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، بۆ بە تەندروست مانەوە و دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان، کەسانی پێگەیشتوو دەبێت هەفتانە 150 خولەک وەرزشی تووند ئەنجامبدەن.
بە پێی WHO ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەردەبن لە ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی؛
چالاکییە چێژبەخشەکان هەڵبژێردرێن
ئامانجی دروست دابندرێت
خشتەی کاتی وەرزشکردن دروستبکرێت
چالاکییە جیاوازەکان تاقیبکرێنەوە
بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنەکان بکرێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ