وەزیری تەندروستیی گانا بۆ رووداو: بەکارهێنانی دەرمانی زۆر مەترسییە بۆ سەر داهاتووی مرۆڤایەتی

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی گانا باس لە مەترسییەکانی زۆر بەکارهێنانی دەرمان دەکات و دەڵێت، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر مرۆڤایەتی. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆر بەکارهێنانی دەرمان راستەوخۆ پەیوەندیی بە زیادبوونی بڵاوبوونەوەی پەتا لە جیهاندا هەیە.
 
بێرنارد ئۆکۆبۆیی، وەزیری تەندروستیی گانا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سینان تونجدەمیر، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریاکان لە جیهاندا مەترسییەکی بێسنووری بۆ سەر مرۆڤایەتی هەیە و داواشی کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشیاریی زیاتر لەبارەی ئەو مەترسییە بڵاوبکاتەوە.
 
وەزیری تەندروستی گانا دەشڵێت، "دەرمانەکانی دژە هەوکردن بەکاردەهێنین بۆ چارەسەرکردنی ئەو پەتایانەی بڵاوبوونەتەوە و هەن. هەمان دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان کە لەنیو مەڕوماڵات بڵاودەبنەوە، هەروەها ئەوانەی بۆ دەخڵودان بەکاردێن."
 
وەزیری تەندروستی گانا زیاتر باسی لە زیادبوونی بەرکارهێنانی دەرمان لەلایەن خەڵکەوە کرد و گوتی، "دەبێت ئەوەش وەبیر خەڵک بهێنیتەوە کە ئەو کارە لە رووی ژینگەوە مەترسییە و کاتێک رووەکێک مادەی کیمیایی زۆری پێدا دەکەیت، یان دەرمان بە ئاژەڵێک دەدەیت، ئەوا کاریگەریی لەسەر کواڵێتیی ئەو خۆراکە دەبێت کە ئێمە دەیخۆین. بۆیە لەوبڕوایەدام کە لە داهاتووشدا ئەگەری زیادبوونی پەتاکان لە ژیانی مرۆڤدا زیاترە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەرییانەی کە لەنێوان ئاستی زۆری بەکارهێنانی دەرمان و بەرهەمهێناندا هەیە کە ئەوەش مایەی نیگەرانییە بۆ داهاتوو."
 
لە چەند ساڵی رابردوودا کۆرۆنا، ئاوڵەی مەیموون، ئەنفلۆنزای باڵندە زۆر بوون و ئەو وەزیردە لەو بڕوایەدایە، زیادبوونی پەتاکان بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە بەکارهێنانی زۆری دەرمانەوە هەیە.
 
بێرنارد ئۆکۆبۆیی گوتی "پێم وایە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان زۆر بەکارهێنانی دەرمان و سەرهەڵدانی پەتای نوێ. هەرکاتێکیش دەرمانی زیاتر بەکارهێندرا و جەستی مرۆڤ زیاتر لە ئاستی پێویست چارەسەری وەرگرت، ئەوا رەنگە هەندێ نەخۆشی نوێ دروست بکات کە رەنگە کۆنترۆڵکردنی زەحمەت بێت و ئەمەش بەئاسانی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پەتای نوێ. هەربۆیە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی دەرمانی زۆر کارێکی گرنگە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە