رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی زانستە تەندروستییەکانی ئۆریگۆن لە ئەمریکا دەریدەخات، زوو نەخەوتن و تا درەنگ بەئاگا مانەوە هۆکاری تووشبوونە بە نەخۆشییەکانی دڵ و تێکچوونی زیندەچالاکی.
لەم توێژینەوەیەدا دەرکەوتووە، درەنگ خەوتن لە پیاوان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوە چەوری زیانبەخشی نێو خوێن، زیادبوونی كێشی لەش و تێکچوونی زیندەچالاکی جەستە، هەروەها لە خانمان دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرزبوونەوەی چەوری زیانبەخش و تێکچوونی لێدانی دڵ.
دکتۆر بروک شافەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''تێکچوونی کاتەکانی خەوتن دەشێت دەرەنجامی تەندروستیی نەرێنی لەسەر جەستە جێبهێڵیت''.
بەگوێرەی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ خەو ئەنجامدانی ئەم کارانە خەو باشتردەکەن؛
- دانانی خشتەی دیاریکراوی خەو
- بوونی ژینگەی گونجاوی خەو
- کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە ناتەندروستەکان
- دوورکەوتنەوەی لە مادە هۆشبەرەکان
بە پێی مایۆکلینیک کاژێرەکانی خەوتن کە مرۆڤ پێویستیەتی، بە گشتی بە تەمەنەوە بەندە، بە شێوەیەک:
لە تەمەنی 0-3 مانگ، 14-17 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 4-11 مانگ، 12-15 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 1-2 ساڵ، نزیکەی 11-14 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 3-5 ساڵ، 10-13 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 6-13 ساڵ، 9-11 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 14-17 ساڵ، نزیکەی 8-10 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە 7 بۆ 9 کاژێر خەوتن هەیە.
تەمەنی 65 ساڵ و سەرووتر پێویستی بە 7-8 کاژێر خەوتن هەیە لە رۆژێکدا.
خانمانی دووگیان پێویستیان بە کاژێری زیاتری خەوتن هەیە بە بەراورد بە ئاستی ئاسایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ