''لە دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 300 تووشبووی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر هەن''

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک ئاشكرای دەکات، ''لە دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 300 تووشبووی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر هەن''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی تەممووزی 2024 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی پێشگیریکردن لە هەوکردنەکانی جگەر د. سەگڤان حەسەن، بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک لەگەڵ تیمێکی خۆپاراستنی تەندروستی پشکنینیان بۆ زیندانیانی چاکسازیی دهۆک کرد، تاوەکو دڵنیاببنەوە لە ئەگەری بوون و نەبوونی تووشبووی ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاکسازیی دهۆک، رێژەی تووشبوون لەنێو زیندانییان 1٪ـە بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنیت، ساڵانە 1.5 ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر تۆماردەکرێن کە 1.3 ملیۆنیان گیانلەدەستدەدەن.
 
هاوکات ئێستا لە جیهاندا 304 ملیۆن تووشبوو هەن کە 83٪ـیان تووشبووی ڤایرۆسی جگەر جۆری B و 17٪ـیان تووشبووی ڤایرۆسی جگەر جۆری Cـین.