سەنتەری هەرس و جگەر لە هەولێر؛ زیاتر لە 600 تووشبووی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەرمان تۆمارکردووە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە رایدەگەیێنێت، جۆرێکی ڤایرۆسی جگەر ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دەبێتەهۆی شێرپەنجە؛ هەروەها پشکنینی پێشوەختە پێشنیازدەکات و ئاماژەش بە زیادبوونی جۆرێکی مەترسیداری ڤایرۆسی جگەر دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی تەممووزی 2024 د. ئاڵتوون مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و بەڕێوەبەری سەنتەری هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر لە بوولتەنی نوورۆژدا بە رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک پێویستە جارێک پشکنینی پێشوەختە بۆ ڤایرۆسەکانی جگەر بکات، منداڵانیش ڤاکسین وەربگرن.
 
د. ئاڵتوون مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت: هەوکردنی جگەری ڤایرۆسیی مەترسیدارترین جۆری هەوکردنی جگەرە کە هۆکارەکەی پێنج جۆری ڤایرۆسە.
 
هاوکات روونی دەکاتەوە، هەوکردن بە ڤایرۆسەکانی جگەری جۆری B و C قورسترین ڤایرۆسن کە تووشی جگەر دەبن و هەوکردنی درێژخایێن دروستدەکەن.
 
تەنانەت ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە ئامارێکی سەنتەرەکەیان دەکات کە لە ساڵی 2015ـەوە 684 تووشبووی هەوکردنی جگەری جۆری B تۆمارکراون و دەڵێت: تووشبوون بەو ڤایرۆسە زۆر زیاترە و ساڵانەش ژمارە تووشبووان بەرزدەبێتەوە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بە رێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکانی جگەری جۆری B و C دەکات بەم شێوەیە؛
 
- بەرکەوتن بە خوێنی کەسی تووشبوو.
- بەکارهێنانی کەلوپەلی پزیشکیی کەسی تووشبوو وەکو دەرزی.
- سێکسی ناتەندروست و سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوو.
 
بە گوتەی د. ئاڵتوون مەحموود، دەکرێت 'بێهێزی، نەمانی ئارەزووی خواردن، ئازاری سک، تۆخبوونی رەنگی میز، زەردبوونی سپێنەی چاو و زەردوویی' نیشانە سەرەتاییەکانی هەوکردنی جگەر بن، بەڵام ئەوەش باسدەکات کە زۆرینەی نەخۆشەکان بێنیشانەن و بە پشکنینی پێشوەختە دەستنیشاندەکرێت کە ڤایرۆسەکانی جگەریان هەیە.
 
لە کۆتاییدا پێشنیازدەکات، خانمانی دووگیان پشکنین بۆ ڤایرۆسەکانی جگەر بکەن و ئەگەر ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، ئاساییە کە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر- جۆری B وەربگرن.
 
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیک، رێگەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری B بەم شێوەیەن؛
 
- وه‌رگرتنی ڤاكسین له‌كاتی خۆیدا.
- خۆپاراستن له‌ به‌كارهێنانی ده‌رزی و ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌ دڵنیانین له‌ پاكوخاوێنییان.
- خۆپاراستن له‌ سێكسی نادڵنیا و دووربوون لە سێكسكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی تووشبوو.
- كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سانی تووشبوودا و له‌ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتندا رێنمایی پێویست له‌ پزیشک و كه‌سانی شاره‌زا وه‌ربگیرێت.